کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان بۆ چوارەمین جار بە هۆی جێبەجێ‌نەکردنی داخوازییەکانیان، خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن

21:39 - 16 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: مامۆستایان لە زۆربەی شارە کوردنشینەکانی کوردستان و ئێران، بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بارودۆخی ژیان و گرفتە سینفییەکانیان، بۆ چوارەمین جار خۆپیشاندانی سەرانسەری بەڕێوە دەبەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، جارێکی دیکە مامۆستایان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە ‌و بارهێنان بەڕێوە دەبەن. ئەم خۆپیشاندانە لەلایەن مامۆستایانەوە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بارودۆخی نالەباری ژیان و ئابووریی توێژی فەرهەنگیی کۆمەڵگا بەڕێوە دەچێت.

ئەنجومەنی ناوەندیی رێکخراوی سینفیی فەرهەنگییانی سەرانسەری ئێران لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی رۆژی مامۆستا، گرینگترین داخوازییەکانی مامۆستایانیان، زیادکردنی مووچە، ئازادکردن و گەڕاندنەوەی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو بۆسەر کارەکانیان، کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن لەهەمبەر مامۆستایان، لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە رایگەیاندووە.

لەم پێوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە، حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئورمیە، بە بانگهێشتی ژمارەیەک لە مامۆستایان، لە هەوڵی ئەوە دایە کە پێشگیری لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکان بکات.

بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە لە ئورمیە بە مامۆستایانی راگەیاندووە: لە بەشداریی خۆپیشاندانی رۆژی پێنج‌شەممە خۆ ببوێرن.

رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان لە شارە کوردنشینەکان و ئێران، نیسبەت بە پێڕانەگەیشتن بە کێشەی سینفی و ماددی خۆیان، جارێکی دیکە لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

رۆژانی ٣ هەتا ١٠ی رەشەمەی ساڵی رابردووش، مامۆستایان لە کوردستان و ئێران بە هاتنە سەر شەقامەکان، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داخوازییەکانیان بوون، بەڵام هەتا ئێستا هیچ‌کام لە ویستەکانیان لەلایەن ناوەندەکانی رێژیمەوە جێبەجێ نەکراوە.

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە یەک میلیۆن مامۆستا و فەرهەنگی و لانیکەم ٧٥٠ هەزار مامۆستای خانەنشینکراو لە ئێراندا بوونی هەیە.