کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا و قوتابییەکانی کوردستان پەیامی هاوخەمیان ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد

16:00 - 6 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە مامۆستا و قوتابییانی کوردستانی ئێران پەیامی هاوخەمیی خۆیان ئاراستەی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهید ڕەحیم گەرگولی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە مامۆستا و قوتابییەکانی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا پرسە و هاوخەمیی خۆیان بۆ لە دەست‌دانی پێشمەرگەی قارەمانی حیزب و گەل شەهید ڕەحیم عەبدوڵڵا نژاد ناسراو بە شەهید ڕەحیم گەرگولی ئاراستەی حیزبی دێموکرات و هاوسەنگەرانی کرد و پەیمانی وەفاداریان لەگەڵ شەهیدانی دێموکرات نوێ کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

سڵاو لە ڕوحی پاکی شەهیدان بە تایبەت شەهیدانی ڕەهبەرمان!

دیسان لە لایەن حکوومەتی زوڵم و زۆر و سێدارە یەکێک لە باشترین ڕۆڵەکانمان لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی كوردستانى ئیراندا بۆ دیفاع لە نیشتمانەکەی و مافی ڕەوای گەلەکەی چووە نێو ڕیزی شەهیدان. ئێمە وەک بەشێک له مامۆستایانی شارەكانی بۆكان، مەهاباد، شنۆ، پيرانشار و نەغەده هێرش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە کە لە ناوخۆی وڵات حوزوریان هەیە مەحکوم دەکەین و سەرەخۆشی لە گشت خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و سکرتێر و گشت کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و بە تایبەت بنەماڵەی شەهیدی نەمرمان کاک ڕەحیم گەرگولی دەکەین .

ڕۆڵەکانی ئێمە، پێشکێش‌کردنی گیان و ماڵ و هەرچی هەیانه لە پێناو ئازادکردنی نیشتمانەکەیاندا بە شانازی دەزانن و قەت بە شەهیدبوونی ڕۆڵەکانمان هەنگاویان شل نابێت تەنانەت بە گوڕو تین‌تر لە پێشوو خەبات دەکەن.

ئەوەتا بە سەدان لاوی کوردستان بە چوونیان بۆ نێو ڕیزی هێزی پێشمەرگە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕاسانی دێموکرات بە گوڕتر دەکەن.

حکوومەتی سێدارە دەبێت بزانێ بە شەهیدکردنی ڕۆڵەکانمان ناتوانێت کۆتایی بە خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان بێنێت.

هاوڕێیانی خۆشەویست باش بزانن مامۆستا و قوتابییەکانی کوردستان لەگەڵتانن و هیچ کاتێک لە خەباتی ڕەوای حیزبی دێموكرات خۆیان جیا ناکەنەوە و ئامادەن ئەو خەباته بە قەڵەمەکانیان لە نێو قۆتابخانەکان و گشت کوردستانی ژێردەستدا بە تەوای هێز و و تواناوە درێژە بدەن.

سەرکەوتن بۆ ڕۆڵەکانی کوردستان
نەمان بۆ ڕێژیمی سێدارە