کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگانە ٢٧٠ کەس لە ئێران بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەبنە قوربانی

22:54 - 1 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: رێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری سەنعەتی لە نێو لاوانی ئێراندا رووی لە زیادبوون کردووە و ئەمەش ئاماری مەرگی لاوانی بەکارهێنەری ئەو ماددەیە لە ماوەی چەند ساڵی رابرددوودا بەرز کردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدرەییە نێو خۆیییەکان و لە زاری وەزیری رێژیمی ئێران، رۆژانە ٩هاووڵاتی لە ئێران بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرە سەنعەتییەکان دەبنە قوربانی.

لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، دوو هەزار و ٩٥٧ کەس بە هۆی بەکارهێنانی لە رادەبەدەری ماددەی هۆشبەر گیانیان لە دەست داوە کە دوو هەزار و ٧٢٧ کەسیان پیاو و ٢٣٠ کەسیان ژن بوون.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان رووکردنی لاوان لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووی لە زیادبوون کردووە و بەرپرسانی رێژیمی ئێران هیچ ئاوڕێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نادەنەوە.

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە زیاتر لەسەدا ٢١ی گیرۆدەبوان بە ماددەی هۆشبەر لە وڵاتی ئێران بڕوانامەی خوێندنی باڵایان هەیە.

یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران بۆ بێکاری لاوان لەو کۆمەڵگایەدا دەگەڕێتەوە کە بەپێی ئامارەکان نرخی بێکاری لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران بەردەوام رووی لە زیادبوون کردووە.

هەروەها بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەسەدا ٥٣ی گیرۆدەبوان بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران خێزاندارن و ئەوەش مەترسییەک جیددی بۆ سەر بنەماڵەکان دروست کردووە.