کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە، پرۆژیەکی شاری کرماشان جێبەجێ نەکراوە

23:11 - 28 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: کەمیی بوودجە، لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوەیەوە هەتا ئێستا بۆتە بەربەست بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەی چەمی \'\'ئابشووران\'\'ی شاری کرماشان.

پرۆژەی ئابشووران لەلایەن شارەوانیی شاری کرماشانەوە گرێ و بڕی ٣٠ میلیارد تمەن بوودجەی بۆ مەزندە کراوە کە تێیدا تۆڕی جیاکردنەوەی ئاوەڕۆی شار و دوورخستنەوەی بۆسەر چۆمی \'\'قەرەسوو\'\'، باسی لێ کراوە.

بەڵام نەدانی ئەو بڕە بوودجەیە، بووەتە هۆی دواکەوتنی جێبەجێ کرانی ئەو بوودجەیە کەلە سەردانی خامنەییش بۆ کرماشان، دیسان بوودجەیەک بە بڕی ٢٠ میلیارد تمەن بۆ پرۆژەی \'\'ئابشووران\'\' تەرخان کرا، بەڵام دواکەوتن و لە ئەنجامیشدا نەدانی ئەو بوودجەیە، رەوتی بەڕێوەچوونی پرۆژەکەی پەک خست.

چەمی ئابشووران بە درێژایی شاری کرماشانە و پەک کەوتنی ئەو پرۆژەیە، ئەنجامگەلێکی خراپ و نالەباری ژینگەیی بۆ خەڵکی کرماشان دروست کردووە.

نەبوونی سیستەمێکی دروست و گونجاو لەمەڕ کۆکردنەوەی زبڵەکانی شاری کرماشانیش، بووەتە هۆی رژانی لەرادەبەدەری زبڵ بۆ نێو ئەو چەمە و لە ئەنجامیشدا بووەتە ژینگە گیانلەبەرە مووزی و ناتەندروستەکان و بوونی ئەمانەش بارودۆخی لەشساغی و تەندروستیی هاووڵاتییانی دەوروبەری ئەو چۆمەی خستووەتە مەترسییەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە هەتا ئێستا ئەو پرۆژەیە نەچووتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆش، قەرزێکی ٦٠ میلیۆن تمەنیی هاتووەتە سەر و لە ئەگەری دابین کردنی بڕە بوودجەی پێوەیست و دانەوەی قەرزەکان، هەتا چوار ساڵی دیکە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ ناکرێت.

لەم پێوەندییەداهاووڵاتییان و دانیشتوانی دەوروبەری چۆمی ئابشووران، ئیدعای بەرپرسان و فەرمانداریی شاری کرماشان لەمەڕ تەواو بوونی ئەو پرۆژەیە بە قسە و قسەڵۆک وەسف و دەکەن و لەو بڕوایە دان کە ئەو پرۆژەیە ئەگەر بە ١٤ ساڵ تەواو نەبووبێت، قەت بە چوار ساڵی دیکەش کۆتایی پێ نایەت.