کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵپەڕێکی نێوخۆیی: پارێزگای کوردستان تاکە رۆژنامەیەکیشی تێدا نییە

23:52 - 21 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: پارێزگای کوردستان بە حەشیمتێکی ١.٥ میلیۆن کەسییەوە، لە چالاکی و چاپ و بڵاو بوونەوەی رۆژنامە بێبەرییە.
لە راپۆرتێکدا که ماڵپەڕی \'\'مەریوان نیووز\'\'دا بڵاوی کردووەتەوە، باس لە نەبوونی ئازادیی رۆژنامەگەری و دروست کردنی بەربەست لەلایەن بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەوبوارەدا دەکات و نووسیویەتی: \'\'چالاکانی بواری میدیا و راگەیاندن بەبێ رۆژنامە و چاپەمەنی و بە گرفت‌گەلێکی فراوانەوە، کە لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆیان دروست کراوە، درێژە بە چالاکی دەدەن\'\'.
رۆژنامە بەهۆی تایبەتمەندیی‌گەلێک وەکوو نرخی کەم، فراوانی، گواستنەوەی راست و دروست رووداو و هەواڵەکان بە وردی، هەمەڕەنگیی بابەتەکان، سادەیی دەربڕین، دەتوانێت بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بکاتە بەردەنگی خۆی.
لەو راپۆرتەدا هاتووە: پارێزگای کوردستان بە حەشیمەتێکی ١.٥ میلیۆن کەسییەوە و بە رووبەری ٢٠٣،٢٨ کیلۆمیری دووجا لە رۆژئاوای ئێراندا هەڵکەوتووە و ٥١١ کیلۆمیتر لەگەڵ پێتەختی ئێران مەودای هەیە، بەڵام لە مافی چاپ و بڵاو کردنەوەی رۆژنامە بێبەرییە.
ئەو راپۆرتە بەڕژاوەتەوە سەر ئەوەش کە \'\'بارودۆخی نالەباری رۆژنامەگەری لە پارێزگای کوردستان لەبەر دیدی کەس وەشێراو نییە و روانگەی بەرپرسانی پێتەخت نشین ئەوەیە کە کوردستان شایانی ئەوە نییە رۆژنامەی تێدا چاپ و بڵاو بکرێتەوە و نابێت ئەو مافەی پێ بدرێت\'\'.
سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاوی زانستی پێوەندییەکان، رۆژنامە لە نێو دەزگاکانی راگەیاندندا رۆڵێکی گرینگ لە ئاگا کردنەوە و گەیاندنی زانیاری بە خەڵک لە هەواڵ و رووداوەکاندا دەگێڕێت.