کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"ماڵی کورد\" لە کانادا، پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد کرد

16:56 - 21 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: ماڵی کورد لە تۆرێنتۆی کانادا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی لەمەڕ پشتیوانی لە هاووڵاتییانی شاری مەهاباد بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەلایەن ماڵی کورد لە تۆرێنتۆ کۆبوونەوەیەکدا بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازیی مەهاباد بەڕێوە چوو و لەو کۆبوونەوەدا کوردانی دانیشتووی دەڤەری ئۆنتاریۆ بەشدار بوون.

لەو کۆبوونەوەدا کۆمەڵێک دروشم بۆ پشتیوانی لە راپەڕینی مەهاباد و مەحکووم‌کردنی مەرگی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\' دژ بە رێژیمی ئێسلامیی ئێران وتراونەتەوە.

کۆمەڵێکی بەرچاو لە هاووڵاتییان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کرد و پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی مەهاباد و کوردستانی رۆژهەڵات دەربڕی.

دوای مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی کارمەندی هۆتێل تارا لە شاری مەهاباد و بڵاوبوونەی ئەو هەواڵە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و رق و تووڕەیی هاووڵاتییانی دانیشتووی شاری مەهاباد بە نیسبەت بەو رووداوە، رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ لە بەردەم هۆتێل تارا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن خەڵکی ئەو شارەوە بەڕێوەچوو.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژێمەوە بە توندوتیژی کێشراو و تێیدا چەندین هاووڵاتیی کورد بریندار و دەستبەسەر کران.

دوابەدوای بەرین‌بوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ پشتیوانی و هاودەردی لەگەڵ خەڵکی مەهاباد، لە هەندێک لە شارەکاندا خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد کە لەگەڵ سەرکوتی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی رێژیم بەرەوڕوو بووەوە.

لەو پێوەندییەدا لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هاووڵاتییانی کورد بۆ پشتیوانی لە راپەڕینی خەڵکی مەهاباد کۆبوونەویان بەڕێوە برد و بێ دەنگیی بەرپرسانی ریژیمی ئیسلامیی ئێران و دەزگا قەزایییەکانی ئەو رێژیمەیان لەهەمبەر تاوانبارانی پەروەندەی فەریناز خوسرەوانی مەحکووم کرد.

هەروەها رۆژی رابردوو هاووڵاتییانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان لە بەردەم پارلمانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و ئەو رووداوەیان مەحکووم کرد.

لەو خۆپیشاندانە چەندین حیزب و لایەنی سیاسی، رێکخراوی مافی مرۆڤ و هاووڵاتییانی کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەو خۆپیشاندانەدا بەشدارییان کردبوو و دروشمی دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان دەوتەوە.

هەنووکە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەژێر چاودێری توندی ئەمنییەتی دان و هاتوچۆی هاووڵاتییان بە توندی کۆنتڕۆڵ دەکرێت.