کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری لەگەڵ ئەندام پارلەمانێک و دامەزراوەی پێوەندییەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کۆبووه‌وە

16:51 - 29 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی کۆبوونەوەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندام پارلەمان و دامەزراوەکانی یەکیەتی ئورووپا، هەیئەتی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری لەگەڵ ئەندام پەرلەمانێک و دامەزراوەی پێوەندییەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کۆبوونەوە.

سەر لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هەیئەتێکی دەفتەری دۆسیەی ئێران و مافی مرۆڤی دامەزراوەی پێوەندییەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، کە پێکهاتبوو لە سێ کەس، لەسەرخەباتی حیزبی دێموکرات، ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و کاریگەرییەکانی پێوەندییەکانی یەکیەتیی ئورووپا لەپێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە وردی لایەنە جیاوازەکانی خەباتی حیزبی دێموکراتی لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات باس کرد و لەو پێوەندییەدا گوتی: حیزبی دێموکرات نزیک بە دوو ساڵ لەمەوبەر بڕیاری دا هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی کوردستان حزووری هەبێ، بۆ ئەوەی ورە بە خەڵکی کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێرانیش بدات بۆ ئەوەی خەباتی مەدەنی بەرانبەر بە ڕێژیم پتەوتر بکەن.

ساڵی ڕابردوو تێکهەڵچوونی نیزامی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی نەهاتە ئاراوە، چوونکە حیزبی دێموکرات بڕیاری دابوو کە پێشمەرگە هێرش نەکاتە سەر هێزەکانی ئێران، و تەنها بەرگری لە خۆیان بکەن، بەڵام ئەمساڵ هێزەکانی ئێران چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزی پێشمەرگە و ئەوان مەجبوور بوون بەرگری لە خۆیان بکەن. ئێمە لەو باوەڕە داین کە بەداخەوە ئەم دەرگیریانە درێژەیان دەبێ، چوونکە حیزبێ دێموکرات خەباتی خۆی درێژە پێ دەدا و ناوەڕۆکی ئیدئولۆژی و ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە قەبووڵ ناکات کە گەلی کورد ئازادانە داواکاری و پرسی نەتەوەیی بێنێتە ئاراوە.

سەبارەت بە پێوەندییەکانی یەکیەتیی ئورووپا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوای ڕێکەوتنە ناوکیەکە، مستەفا هیجری پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدا کەڵکی نابەجێ وەربگرێ لەم پێوەندییانە، بۆ نموونە زەبر و زەنگ بەرانبەر بە گەلی کورد و گەلانی دیکەی مافخواز لە ئێران و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، زیادی کردووە و لە لایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران پەرەی بە دەستێوەردان و نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لە نێو وڵاتانی دراوسێی خۆی داوە. کۆماری ئیسلامی پێی‌وایە کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی چاوپۆشی لەم کردارانە دەکا و هەر بۆیە کردارەکانی هەم لە نێوخۆ و هەم لە دەرەوە توندتر دەبێ، و یەکیەتیی ئورووپا نابێ بێ‌دەنگ و بێ‌هەڵوێست بێ لەم پێوەندییەدا. هیجری هەروەها گوتی لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا، وڵاتانی ئورووپا لە حاڵەتی جیاوازدا زۆر هەوڵیان داوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بسازێن، بەڵام ڕێژیم بە کردەوە نیشانی داوە کە پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپا لە ڕوانگەی تاکتیکی و کاتی بەڕێوە دەبا بۆ ئەوە کەڵک لەم پێوەندییانە وەربگرێ بۆ زیاد کردنی نفوز و دەسەڵاتی خۆی لە نێوخۆی ئێران و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین. شاندی دامەزراوەی پێوەندییەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ئیشارەیان بەوە کرد کە؛ ئەوان لەنێو خۆاندا بیروبۆچوونی جیاوازیان لەسەر پرسی جۆراوجۆر لەپێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، و هەوڵ دەدەن لە ڕێگای وتوێژەکانیانەوە هەموو ئەم پرسانە هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر بکەن.

لە هەمان ڕۆژدا شاندی حیزبی دێموکرات لەگەڵ کلاوس بوچنێر، ئەندامی پارڵمانی یەکیەتیی ئورووپا لەسەر فراکسێونی کەسکەکان و ئەندامی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی ئەم پارڵمانە کۆبوونەوە.

لەم کۆبوونەوەدا هیجری باسی بنەما فکری و عەمەلییەکانی ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کرد و ئیشارەی بەوە کرد کە؛ خەڵکی کوردستان بەشداریی لە هەموو بوارەکانی ئەم قۆناغە نوێیە لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، و حیزبی دێموکرات لەو باوەڕە دایە کە ئەرکدارین بە هەموو هێز و توانای خۆمانەوە پاڵپشتی گەلەکەمان بین و داوای ئێمە لە ئەندام پارلمانەکانی یەکیەتیی ئورووپا ئەوەیە کە پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

هیجری هەروەها سپاسی بوچنێری کرد بۆ ئەوە کە بەردەوام داوای ئەوەی کردووە کە هەموو زیندانیە سیاسییەکان لە نێو ئێران ئازاد بکرێن.

بوچنێر ئیشارەی بەوە کرد کە ناوبراو و چەندین ئەندام پارڵمانی دیکە هەوڵیان دا کە پێوەندییەکانی یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ ئێران مەرجدار بێ، و ئەگەر لە داهاتوودا بۆ نموونە ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ ئێران ببەستردرێ، دەبێ یەکێک لە مەرجەکان ئەوە بێ کە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکانی ئێران کۆتایی پێ بێ، پێش ئەوەی قەراردادەکە گرێ بدرێت.