کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موجاهدینی خەلق لە كەمپی ئەشرەف هێرشیان كرایە سەر/ ژمارەی كوژراوەكان ١٩ كەس راگەیەندراوە

16:28 - 10 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: لەشەوی رابردووەوە هەتا ئێستا هێرشی نیزامیی بۆ سەر دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف بەردەوامە و لەو پێوەندییەدا ١٩ كەس لە ئەندامانی موجاهدینی خەلق كوژراون.


دەبیرخانەی شۆرای میللیی موقاومەتی ئێران ( موجاهدین) لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی سپای عێراق بۆسەر دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف، ١٩ كەس لە ئەندامانی موجاهدینی خەلق گیانیان لەدەست داوە.
هەر لەو پێوەندییەدا كاناڵی ئەلتەغیریش بڵاوی كردۆتەوە شەوی شەممە رێكەوتی٩ی خەرمانان هێزەكانی سپای سەر بە نووری مالیكی سەرۆك وەزیری عێراق كەمپی ئەشرەف لە پارێزگای دیالە‌یان داوەتە بەر خومپارە و گوڵـلە.
پێشتریش لە رێكەوتی ١٩ بانەمەڕی ١٣٨٩ كەمپی ئەشرەف لەلایەن هێزەكانی سوپای عێراقەوە هێرشی كرایە سەر و ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی موجاهیدین كوژران و بریندار بوون.

ماوەی ساڵێك لەمەوبەر ژمارەیەك لە ئەندامانی موجاهدین لە كەمپی ئەشرەفەوە بۆ كەمپی لیبرتی لە ٥٧ كیلۆمیتریی باكووری رۆژهەڵاتی بەغدا، راگوێزان.

لە مانگی رێبەندانی ساڵی١٣٩١یشدا كەمپی لیبرتی لە ئەنجامی مووشەك و خومپارەباران كردن، ٦ كەس لە ئەندامانی موجاهیدینی خەلق گیانیان لەدەست دا و ٥٠‌ی دیكەش بریندار بوون.
رێكخراوی موجاهیدینی خەلق ساڵی ١٣٧٦ بەهۆی تیرۆری شەش هاووڵاتیی ئەمریكایی خرایە لیستەی تیرۆرەوە.
حكوومەتی ئەمریكا پاش ١٥ ساڵ ناوی رێكخراوی موجاهدین خەلقی لە ریزی گرووپە تیرۆریستەكان سڕییەوە.