کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی شەیدا حاتەمی بیانوویەک بۆ داخرانی زانینگە، پێش وادەی دیاریکراو

15:18 - 17 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: زانینگەی ئورمیە ١٥ رۆژ پێش هاتنی نەورۆز بە بڕیاری بەرپرسانی زانینگە لەمەڕ پێشگیری لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان داخرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەرپرسان و حەراسەتی زانینگەی ئورمیە لە دانیشتنێکی بەپەلە و لەناکاودا بە مەبەستی دامرکاندنی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران لەهەمبەر کوژرانی شەیدا حاتەمی، ١٥ رۆژ پێش هاتنی نەورۆز، بڕیاری پشووی زانینگەیان راگەیاند.
ئەو بڕیارەی بەرپرسان و حەراسەتی زانینگەی ئورمیە لە کاتێکدا هاتووەتە ئاراوە کە هێشتا هیچکام لە زانینگەکانی ئێران پشووی نەورۆزەیان دەست پێ نەکردووە و هەموو ساڵێک پشووی نەورۆزەی زانینگەکانی ئێران رێکەوتی ٢٤یرەشەمە دەست پێ دەکا، بەڵام کە کردەوەیەکی نامۆدا بەرپرسانی زانینگەی ئورمیە ١٥ رۆژ پێش هاتنی نەورۆز بڕیاری پشوویان بە مەبەستی راگرتنی ناڕەزایەتیی خوێندکاران دەرکردووە.
بیانووی بەرپرسانی زانینگەی ئورمیە لەم پشوودانە، پێشوازی لە هاتنی جێژنی نەورۆز راگەیەنراوە.
ئەمە لە کاتێکدا کە رێژیمی ئێران مانگێک پێش هاتنی نەورۆز بە چالاکانی فەرهەنگی و هەروەها ئەو رێکخراوانە کە ساڵانی رابردوو رێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆزیان بەڕێوەبردووە، راگەیاندووە، کە ئیزنی بەڕێوەبەردن و رێکخستنی هیچ چەشنە رێوڕەسمێکیان لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ئێران لە رۆژانی نەورۆزدا نییە.
تەرمی شەیدا حاتەمی تەمەن ٢٤ ساڵ، کچە خوێندکاری کوردی کارناسیی باڵای بواری \'\'زەوی ناسی\'\'ی زانینگەی ئورمیە، رێکەوتی ١٠ی رەشەمە لە خەوتنگەی کۆلیژی وەرزێڕیی زانینگەی ئورمیە دۆزرایەوە و وێڕای دەنگدانەوەی بەربڵاوی میدیایی، ناڕەزایەتیی بەرینی خوێندکارانی ئەو زانینگەیەی لەمەڕ ئاشکراکردن و دادگایی کردنی بکوژان و هەوڵی بەرپرسانی رێژیم و بەتایبەت بەرپرسان و حەراسەتی زانینگەی ئورمیە لە پێشگیری لە بەدواداچوونی دۆسیەکەی لێکەوتەوە.