کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی گوماناویی کچێک لە مەهاباد، پەرچەکرداری توندی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە

17:34 - 16 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: جەنجاڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان لەبارەی پەراوێزەکانی مەرگی گوماناویی کچە فەرمانبەرێکی هۆتێلێکی شاری مەهاباد، لە تەشەنە سەندن دایە. بەپێی هەواڵەکان \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\' بۆ رزگاری خۆی دەستی داوەتە خۆکوژی.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و لە زاری کۆمەڵێک هەواڵی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە پژڕاست نەکراونەتەوە، رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ، کچێکی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد بەناوی \'\'فەریناز خووسرەوانی\'\' کەلە هۆتێلێکدا بەناوی \'\'هۆتێل تارا\'\' سەرقاڵی کار بووە، بۆ \'\'پاراستنی کەرامەت و نامووسی\'\' خۆی و بۆ پێشگیری لە دەسدرێژیی فەرمانبەرێکی \'\'ئیدارەی گەشتیاری\'\'، لە نهۆمی چوارەوە خۆی فڕی داوەتە خوارەوە.

بەگوێرەی کۆمەڵێک هەواڵی لێک ناتەبا لەم بارەوە و بە وتەی ژمارەیەک لە دانیشتوانی مەهاباد، فەریناز خوسرەوانی کە فەرمانبەری هۆتێلی تارا بووە، بووەتە قوربانیی سیاسەتی خاوەن هۆتێلەکە بەناوی \'\'نادر مەولوودی\'\' و لەپێناو وەرگرتنی ئیمتیازی ٥ ئەستێرە بۆ هۆتێلەکەی، بەستێنی بۆ دەسدرێژیی مەئمورێکی یەکێک لە ئیدارە دەوڵەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی رەخساندووە و لە ئەنجامدا فەریناز بۆ رزگارکردنی خۆی، بە ناچار دەستی داوەتە خۆکوژی.

بەپێی هەواڵەکان، فەریناز لە نهۆمی چوارەوە خۆی فڕێ داوەتە خوارەوە. هەروەها ژمارەیەک هاووڵاتیی مەهابادی لەو بڕوایە دان کە مەئمووری ناوبراو، لە مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتی لە تووڕەیی بەکارهێنەران و بەتایبەت هاووڵاتییانی مەهابادیی دنیای مەجازیی داگرتووە و خوازیاری بەدواداچوونی خێرا و جیددیی ناوەندە پێوەندیدارەکان بۆ ئەو مەسەلەیە بوون.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و پەرچەکرداری هاووڵاتییان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ئاستی شاری مەهاباددا، زۆربەی هاووڵاتییان بە پێکهێنانی کەمپەین و گرووپی جۆراوجۆر، رایانگەیاندووە کەلە رۆژانی داهاتوودا لە بەرانبەری هۆتێلی تارا کۆ دەبنەوە و دەنگی خۆیان لەمەڕ دەستبەسەر کردن و دادگایی کردنی خاوەنی هۆتێلەکە و بکەرانی ئەو رووداوە بەرز دەکەنەوە.

هەتا ئێستا هیچ هەواڵێکی ورد و دروست لە شێوازی بەدواداچوونی ناوەندە پێوەندیدارە دەوڵەتییەکان لەو پێوەندییەدا بڵاو نەکراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، خاوەن هۆتێکە هەتا ئێستا لەلایەن هیچ ناوەندێکی قەزایی‌یەوە، لێپێچینەوەی لێ نەکراوە.

فەریناز خوسرەوانی تەمەن ٢٦ ساڵ، دانیشتووی شاری مەهابادە و خاوەنی بڕوانامەی کارناسی لە رشتەی کامپیۆتێر دایە.