کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەودای نێوان خوماریی و نەشەیی لە ئێراندا تەنیا ٢ خولەکە!

20:38 - 2 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ هۆشداریدانی بەردەوام لەمەڕ گۆڕانی سەرباشقەی مەسرەفی مادە سڕکەرەکان لە ئێران، لێپرسراوێکی حکوومەتی باسی لەوە کردووە کە مەودای نێوان خوماریی و نەشەیی لە ئێران تەنیا ٢ خولەکە!

سەرۆکی کۆمیتەی سەربەخۆی بەرنگار بوونەوەی مادە سڕکەرەکان، سەر بە کۆڕی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی بوونی مادە سڕکەرەکان لە ئێراندا ئەوەندە زۆرە، کە لە شارە گەورەکاندا تەنیا ٢ خولەک بۆ وەدەستخستنیان پێویستە و لە شارە بچووکەکانیش ئەم مەودا تەنیا ١٠ خولەکە.

هەروەها، عەلی هاشمی هەر لەو پێوەندییەدا گوتوویەتی؛ هەنووکە گواستنەوە و فرۆشتنی مادەی سڕکەر، بووەتە چوارەمین پیشەی گەورەی جیهان و ڕکەبەرایەتی پیشەکانی توریسم، نەوت و چەکوچۆڵ دەکات و لە ئێرانیشدا بە شێوەی ساڵانە ٤٥ هەزار میلیارد تمەن لە ئابووریی وڵات، بەهۆی ئەم دیاردەوە لەنێو دەچێ.

ئەم بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها دەڵێ: مادە سڕکەرەکان ئەوەندە بە ئاسانی دەست دەکەون کە پێویست بە خۆشاردنەوە و دوورکەوتنەوە ناکات، چوونکە لە تەنیشت دەزگاکانی خەبات بە دژی مادەی سڕکەریش دەفرۆشرێت و تەنانەت کەڵکی لێ‏وەردەگیردرێت، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکرێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆخۆی بەشێوەی سیستماتیک ترانزیتی مادە سڕکەرەکان دەکات و بەپێی هەندێک ئامار ٨٥%ی ترانزیتی ئەم مادە ماڵوێرانکەرە، لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێران و بەتایبەت سپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێت.