کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناتۆ هۆشداری بە مۆسکو دا کە بۆردوومانەکانی ڕابگرێت

14:25 - 24 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ناتۆ، داوای لە ڕووسیه کرد کە بۆردوومانەکانی خۆی لە سووریەدا ڕابگرێت، چوونکە بەم شێوەیە ناتوانین بە ئاشتی بگەین.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرۆکی ڕێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور ناتۆ ڕووسیەی تاوانبار کرد کە دژبەرانی ئەسەد دەکاتە ئامانج و ئەوەش ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە سووریەدا دەگرێت.

یەنس ئێستۆلتێنبێرگ سەرۆکی ناتۆ ڕایگەیاند تا بۆردوومانەکان بەردەوام بن ناتوانین ئاشتی لەو وڵاتەدا جێبەجێ بکەین.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە ڕووسیە بە گشتی گرووپە دژبەرەکانی ئەسەد دەکاتە ئامانج نە داعش کە ئەوەش ڕێگاچارەی وتووێژ بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئاشتی دژوار کردووە.

ئەو قسانەی سەرۆکی ناتۆ لە کاتێک‌دایە کە بەشار ئەسەد لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فەرانسە ڕایگەیاندووە تا گرتنەوەی تەواوی خاکی سووریە درێژە بەشەر دەدەین.

ئەسەد لەو وتووێژەدا هەروەها گوتویەتی کە بوونی چەند وڵات لە سووریەدا بەو مانایە کە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە درێژە دەکێشێت.

شەڕی سووریە بە توندی لە نێوان هێزە دژبەرەکانی ئەسەد و ئەرتەشی ئەو وڵاتە بە پشتیوانی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە لەو وڵاتە درێژەی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای چڕتڕبوونەوەی ‌هێرشەکانی سووریە و ڕووسیه بۆ سەر شاری حەلەب، دەیان هەزار کەس ئاوارەی سنوورەکانی تورکیە بوونە و بە وتەی چاودێری مافی مرۆڤی سووریه زیاتر لە ٥٠٠ کەس لەو شارەدا کوژراون.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتژیکی سوریە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە تا ئێستا ٤٧٠ هەزار کەس لە شەڕی سووریەدا کوژراون کە ئەوەش دوو قات لە ئاماری بڵاوکراوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاترە.