کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسر فەتحی: ڕێژیمی ئێران ئەرتشی سایبێریی پێک هێناوە کە هێرش بکەنە سەر چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە سیاسییەکان و دەنگۆ و تۆمەتیان بۆ دروست بکەن

19:54 - 22 جۆزەردان 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت کە لاپەڕە، کاناڵ، گرووپ یان هەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتی کە دژی ڕێژیمی ئێران چالاکی دەکات، بسڕنەوە.

ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هۆشداری بە بەکارهێنەران دەدات کە نابێ لە دنیای مەجازیدا پۆست و نووسراوەکانی دژی ڕێژیم لایک بکەن دەنا بەپێی یاسا سزا دەدرێن.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بابەتەدا، وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز "ناسر فەتحی" پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پێک هێناوە کە پێشکەشتانی دەکەین:

- بەگشتی دۆخی ئینتێرنێت لە بواری خێرایی، سانسۆر و فیلتێر، لە ئێران و کوردستان چۆنە؟

پێش لەوە بەپرژینە سەر پرسیارەکە دەبێ ئەم بابەتە ڕوون بکەمەوە کە فیکرییەتی دەسەڵاتدارانی حاکم لە ئێران بەنیسبەت تێکنۆلۆژی و پێشکەوتنەکان، ڕوانگەیەکی نەرێنی- ئەمنییەتییە، یانێ پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا و پێشکەوتوویی و ئامرازە پەیوەندییەکان دەچێتە خانەی هەڕەشە بۆ سەر  مەشرووعییەتی دەسەڵاتداران، لەبەر ئەوەی کە ئەم تاقمە هەموو جمگەکانی کۆمەڵگا قۆرخ دەکەن، بە واتایەک، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەژایەتییەکی چییەتی و نێوەرۆکیی لەگەڵ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە هەیە؛ هەر ئەم مەسەلەیە کاکڵەی کاردانەویی لە سیاسەتە گشتییەکان و بەتایبەت بەڕێوەبەریی وەزارەتی فەناوەری و ئیتلاعات داناوە، بۆیە دەبینین کە کارگێڕانی سەرەکی و پلانداڕێژەرانی ئەم وزارەتخانەیە کەسانی بازجوو و پاسدار و مۆخبرن، کەواتە شێوە ڕوانینی تاقمی دەسەڵاتدار لە ئێران بە ئینتێرنێت تەنیا مەسەلەی شەڕی سایبێری لەگەڵ دوژمن و جاسووسیی کۆمەڵگایە. بێگومان بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری بەڕێزتان دەبێ دەستبەجێ فەزای دۆخی ئینتێرنێت لە ئێران و کوردستان لەگەڵ یەکدا جیا بکەینەوە، چوونکە دوو فەزای جیاوازی سیاسەت کردن و ڕوانینی ئەمنییەتیی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەرچەندە فۆرمی ڕوانینەکە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد گشتییە، بەڵام ناکرێت کلۆنیابوونی کوردستان پشتگوێ بخرێت، چوونکە چەمکەکانی سیاسەت و کۆمەڵگا چەمگەلی تایبەتن کە دۆخی تایبەتی بە ناو "پەروەندەی ویژەی کوردستان" لە دیوە فیکرییەکانی شورای باڵای تەناهیی ڕێژیم پێک دێنن.

بەم پێشەکییە دەتوانم بڵێم دۆخی گشتیی "نێت" لە ئێران چ لە بواری تێکنیکی و چ لە ئاستی سیاسەتدانان لاوازی بە خۆیەوە دەبینێت، لاوازی لە ژێرخانەکاندا بە گوێرەی کارناسانی ئەم زانستە و هەروەها سیاسەتە تەمامییەتخوازی و فیکرییەتی ئاخوندی بەنیسبەت دنیای ئینتێرنێت، ڕاستییەکی مێژوویی ئەم تاقمەیە.

بە بەرفراوانبوونی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و چوونەسەرەوەی چۆنیەتی و "ئابشنـ"ـەکانی ئەم تۆڕەکۆمەڵایەتییانە لە ساڵانی ٢٠٠٣ بەنیسبەت سەرەتاکانی بەرهەمهێنانی وێبلاگ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ساڵانی ١٩٧٧، ڕێژەی بەکارهێنەرانی کورد و ئێرانیش ڕووی لە هەڵکشان بووە و ئەمە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سیاسەتی سانسۆر و فیلترینگی ڕێژیمی ئێراندا هەیە، بە واتایەک دەتوانین ڕێژیمی ئێران بەناو ڕێژیمی سانۆرچییەکان ناو ببەین کە لەسەر بناغەی سانسۆر دامەزراوە.

بێگۆمان خێرایی و سانسۆر و فیلتێر سێ شتی جیاوازن. ئەو ئێستێهلاک و تەمەنەی کە بەکارهێنەرێکی ئێرانی لە خێرایی زۆر لاوازی نێتدا بەفیڕۆی دەدات، دەتوانێت لە کردەوەیەکی سوودبەخشدا بۆ پێشکەوتنی ژیانی خەرج بکات. کوالیتیی خێرایی ئینتێرنێت و  دەستپێڕاگەیشتنی بە ژێرخانەکانی لە هەر شار بۆ شارێکی تر و  ناوچەیەک بە ناوچەی تر جیاوازە، تەنانەت کەسانی تایبەت یان پیشە تایبەتەکانیش دەگرێتەوە. بەڵام بەگشتی بازنەی نێت لە ئێران بە شێوازێکی مانادار لاواز و جیاوازە. ئەم مەسەلە لەگەڵ ئابووریی ڕانتیەری و مافیای سپا  و موخابرات تێکەڵاو بووە کە دۆخی تایبەتی و کاریکاتۆریکی ساز کردووە. سانسۆر لە چییەتی و فیکرییەتی ئەم نیزامەدایە و ئەم سانسۆرە زۆر پان و بەرینە ساختارمەند و فورموڵەکراو تا جێگایەک  بەرهەمەکانی خودی ڕێژیمیش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەگرێتە بەر. لە سیاسەتی فیلترینگ، کۆمەڵێک ڕێکاری سیستماتیک دامەزراوە کە بەتایبەتی کاریان فیلتێرکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە و جیاوازی نێوەرۆکیش گرینگ نییە مادام کە لەسەر ئاسایشی ڕێژیم هەڕەشە بێت حەسێبە.

تا "کلیدواژەیەک" سێرچ دەکرێت دەستبەجێ لاپەڕەیەک دێتە سەر کە دەڵێت: "دسترسی بە تارنمای فراخواندە شدە امکان‌پذیر نمی‌باشد!"، هەر بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی ١٣٨٨ "کارگروویەک" لە مەجلیسی ڕێژیم دانرا کە کاری بەپێی "یاسای ٢٢ی جەرایمی ڕایانەیی"، چاودێری و فیلترینگی ناوەرۆکی ماڵپەڕەکانە کە لە چەندین کەسی پاسدار و شارەزای تێکنیکی پێک دێت، هەر بۆ ئەم مەبەستە حەوت بەشیان پێک هێناوە بۆ فیلترینگ کردن: "عیفەت و ئەخلاقی گشتی، بابەتگەلی دژی پیرۆزییەکانی ئیسلام، بابەتی دژی ئاسایش و ئەمنییەتی گشتی، بابەتگەلی دژی دەسەڵاتداران و ئۆرگانە دەوڵەتی و گشتییەکان، ئەو بابەتگەلە کە چ بە شێوازی بینراوەیی و خوێندن و بیستن دەبنە هۆی ئەنجامی تاوان و چ بە شیوازی هەڵخڕاندن و بانگەشەکردن بێت"، هەر بۆ ئەم کارە لە ساڵانی ڕابردوو ئۆرگانی جۆراوجۆر پێک هاتووە کە کاریان بەوردی لەسەر ئەندازیاریکردن و چاودێریکردن بەسەر ناوەرۆک و چالاکیی ماڵپەڕەکانە و ستادی نەتەوەیی فەزای مەجازی کە بە پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری، سزا و بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن، دانراون.

کولتووری سیاسی بە واتای فیکرییەت و شێوازی بیرکردنەوە و ڕوانگەی خەڵک بەنیسبەت نیزامە سیاسییەکان کە هەڵقوڵاوی کولتووری گشتی و هەڵسوکەوتی گشتییە، ئەزموون و سەلیقەی تاکەکەسی دێتە ئەژمار، بەڵام ئەم فیکرییەتانە تەنیا لەناکاو نییە، بەڵکوو شێوازێکی فیکرییە کە لە ئەزموونی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ ڕیشەی سەندووە، چ ئەزموونی مێژوویی، سیاسی و فەلسەفی بێت و چ نەریتە ئایینییەکان بێت. یەکێک لە ئەزموونی تاکەکان لە ئێران و کوردستان کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە کە بەردەوام لە فەزای سیاسی ڕەنگدانەوەی هەبووە، ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک لەم ڕێگایانە زانیاری وەردەگرن کە لەسەر بیروباوەڕی سیاسی و هەڵسوکەوتیان لەسەر ئەم ئەساسە شکڵ بە خۆی دەگرێت. تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەک ئامرازە کولتوورییەکانیش دەتوانن ڕۆڵ و نەخشیان هەبێت، تەنانەت لە حەوزەی گشتی یان عمومی کە لەوێ هاونیشتمانییان دەتوانن لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندییان هەبێت و حەزە هاوبەشەکانیان پێکەوە بەش بکەن. لەم سوونگە و دەلاقەوە دەتوانین خوێندنەوەی وردمان بەسەر سیاسەتە گشتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بەنیسبەت تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و دۆخی سانسۆر و فیلتێرینگ و هەروەها کەمبوونی خەیرایی نێت لە ئێران بە بەراوردکردن لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکەی هەبێت.

- مەبەستی ڕێژیمی ئێران لە دابەزاندنی خێرایی ئینتێرنێت یان فیلتێری زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەکان چییە؟

تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە شیوازێکی تایبەتی فەزایەکی چالاکی پەیوەندی لەنێوان بەرهەمهێنەری پەیام و بەردەنگ ساز دەکات کە زۆرتر لەسەر ئیدەی  "بەردەنگتەوەر" پێک هاتووە. ئەم تایبەتمەندییە هۆکاری بەرهەمهێنانی ناوەرۆکێکی چەند لایەنەیە کە وەرگیراو لە ئەندێشە و زیستی کۆمەڵایەتیی خەڵکە، ئەمە واتای ئەوەی هەیە کە هێزێکی پاوانخواز وەک کۆماری ئیسلامی، ناتوانێت بە تەنیایی بەو شێوازە کە دەیهەوێت کۆمەڵگا ئەندازیاری بکات.

تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان نزیکترین شێوازی بە کۆمەڵگای مرۆییان هەیە کە ئیمکانی شکڵگرتنی پەیوەندی لەگەڵ زۆرترین کەسەکان بەرهەم دێنێت، بە دوور لە تنگ و چەڵەمە. هەر چەند ناوەندە سایبێرییەکانی ڕێژیم لە تەقالای ئەوەدان کە بە فیلترینگ و کەمکردنی خێرایی ئینتێرنێت ئەم فەزایە لاواز بکەنەوە یان بە شێوازێک کە ویستی ئەوانە پەیامەکان بگۆڕێنن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە دیالۆگی نێوان کۆمەڵگایە کە ڕێی خۆی پەیدا دەکات و پەیامە جیاوازەکان هەناردە دەکات، هەر بۆیە هۆکاری سەرەکی و مەبەستی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران دژایەتی لەگەڵ بوونی دەنگی جیاواز و ئاڵوگۆڕی زانیارییە تا بتوانێت بە کەمکردنەوەی خێرایی و فیلترینگ چەواشەکاری و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی کردەوەی خەڵک بەنیسبەت سیاسەتەکانی حکوومەت بە لاڕێدا ببات. فەزای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان شوێنێکە کە قۆرخ و ئینحساری هەواڵ و زانیاریی یەک لایەنەی بە دەست ڕێژیمەوە نییە و ئۆتۆریتەی ڕێژیم لەنێو ئەم فەزایە بە ئاسانی دەشکێت.

خۆ ڕەوایەتکردنی خەڵک بە یارمەتی وەرگرتن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەو کلیشانەی ڕێژیم دەشکێنن و ئەو جۆرەی کە خەڵک بیانهەوێت خۆیان پێناسە دەکەن، ترسێک کە ڕێژیم لە فەزای چالاکیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەیەتی. هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە هەواڵ یەكێکی تر لە هەڕشەکانە کە ڕێژیم بۆ سەر خۆی دەبینێت، ترس لەو بابەتە کە ڕێژیم بەردەوام بەنیسبەت وشیاریی کۆمەڵگا و دۆخی مەشروعییەتی ئیدەئال تایپی ئەو ژیان و کولتوورە کە بە دوای شۆڕشی پەنجاوحەوت وەک شوناسێکی هەستیشناختانە بۆ خۆی پێناسەی کردووە، لەلایەن کۆمەڵگا دەچێتە ژێر ڕەخنە و پرسیارەوە. تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەم ساڵانەدا بوونەتە مەکۆیەک کە خەڵک دەتوانن بێ واستە لەگەڵ دنیای دەرەوە پەیوەندی بگرن و لە ئیدە و ویستی خۆیان و ستایلی ژیانیان بێنە گۆ، مەسەلەیەک کە لە حکوومەتە ئایینییەکاندا بڤەیە، لەبەر ئەوەیکە ئەوان دەستێوەردان لە ژیانی تاکەکان بە مەبەستی سیاسەتی یەکدەستکردنی کۆمەڵگا بە ئەمرێکی حەتمی دەزانن، فەزایەک کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئیدە سەرەکییەکان دەلەرزێنێت و تەنانەت دەکەونە بەر تانە و تەشەری بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.

- ڕێژیمی ئێران بە چ شێوازێک  و لە چ ڕێگاگەلێکەوە چاوەدێریی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و کوردستان دەکات؟

لە ساڵانی ڕابردوو یەکێک لە پەرۆشیە سەرەکییەکانی دەسەڵاتداران و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم شەڕی سایبێری لەگەڵ دوژمنە، ئەم باسە لەلایەن خامنەیی زۆر جار وتراوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە ئەرتشی سایبێرییان پێک هێناوە کە لە هەر کوێ و کات هێرش بکەنە سەر چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە سیاسییەکان یان دروستکردنی دەنگۆ و تۆمەت بۆ تاک و ڕێکخراوەکان بە مەبەستی چەککردنیان لەنێو کۆمەڵگا بە کەڵکوەرگرتن لە دابونەریت و ئاکاری کۆمەڵگا کولتووری و ئایینییەکان.

 ئەم ئەرتشە سایبێرییە بەردەوام خەریکی فزوولی و چاودێری لەسەر بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ئێرانن، هەروەها "پۆلیسی فەتا" و "سازمانی موبارزە لەگەڵ جەرایمی ڕایانەیی" پێک هاتوون کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو حەوت بەشە و یاسا ناڕوونانە کە باس کران، دەست دەکەن بە سەرکوت و بێدەنگکردنی کۆمەڵگا بە بیانووی جۆراوجۆر، تەنانەت لەم مەسەلەیە لە سلێبریتی و کەسانی شاخ و لات لە "ئینستاگرام" کەڵک وەردەگرن. یەکێکی تر لە ڕێکارەکان، دروستکردنی بەدئەفزارە بۆ دزینی زانیاریی کاربەرەکان. لەم پەیوەندییەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەزینەی زۆر دەکات بۆ کڕینی کەرەستە جاسووسییەکان لە دنیای تێکنۆلۆژیا، بەڵام سەرەکیترین شێوازی چاوەدێری یان تۆقاندن لە ڕێگەی دانانی ماڵپەڕ و  پەیچ و لاپەڕە جۆراوجۆرەکانە بۆ سازکردنی فەزای بێمتمانەیی لە ڕێگای دووبەرەکی و بڵاوکردنەوەی دەنگۆ بەنیسبەت چالاکان بە کەڵکوەرگرتن لە زانیاریی مردوو و وێنە و فیلمی ساختە.

- ڕێژیمی ئێران بە چ شێوازێک هەڕەشە لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و کوردستان دەکات؟

هەروا لە سەرەوە باسم کرد، لە ڕێگای تۆقاندن و بانگەشە بۆ پۆلیسی فەتا و سازمانە ئەمنییەتییەکان بە کەڵکوەرگرتن لە یاسا ناڕوونەکانیان کە دەتوانێت زۆر شتی لێ وەربگەرێتەوە، بە سزادان و حوکمی قورس بەسەر چالاکانی ئەم بوارە دەیهەوێت هەڕەشە بۆ سەر بەکارهێنەران ساز بکات، هێشتا هۆکار و شێوەی کوشتنی "ستار بەهەشتی" کە وێبلاگنووسی بەناوبانگی ئێرانی بوو، ناڕوونە و هیچ کەس زانیاریی لەسەر شێوازی ڕفاندن و نەمانی ئەم کەسە نییە و ڕێژیم بە شاردنەوە و کەتمانکردنی پەیامێک بە کۆمەڵگا دەدات، شێوازێک کە تایبەتە بە حکوومەتە فاشیستی و پۆلیسییەکان.

کەرەستە پەیوەندییە گشتییەکان وەک تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەنیسبەت چۆنیەتیی پەیام و ئاماژەکانیان کە بۆ بەردەنگ دەنێرن دەبنە هۆی ئەوەی کە ڕاگەیاندنەکان چۆن بیانەوێت کەتوار و ڕووداو و ڕاستییەکانی کۆمەڵگا باس بکەن، بەردەنگەکانیش وەها هەستیان پێ دەکەن. بەم واتایە کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای مانایەک کە بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەیبەخشن لەسەر بەرساختە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری دادەنێن و کردەوە مرۆییەکان لە ئاستی تاک و کۆمەڵگا دەخەنە ژێر سێبەر و تیشکی خۆیان.

تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان شێوازی ڕوانینی مرۆیی مۆدێڕن پێک دێنن و کەرەستەیەکی جیانەکراوی مرۆیی ئەمڕۆ دێتە ئەژمار. هەر ئەم بابەتە و هێزی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەیەکە بۆ مەشروعییەت و سیاسەتەکانی ڕێژیم لەنێو کۆمەڵگادا بۆ ئەوەیکە لەم سەردەمەدا ڕێژیم تەنیا ئەو کەرەستەیەی بە دەستەوە نییە و لە ڕاستیدا ڕووداوێکی واقعی تاکێک دەتوانێت ببێتە هۆی پێکهێنانی فیکرییەتێکی گشتی، هەر بۆیە لە دنیای سیاسەتدا ڕاگەیاندن بەگشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش کۆڵەکەیەکی دێموکراسی دێنە باسکردن و لەسەر ڕۆڵی بەشداریی خەڵک لە سیاسەتدا پێگەیەکی بەرچاویان هەیە، ئەمەیە هەڕەشە جیدییەکە کە کۆماری ئیسلامی وەک فیکرییەتێکی فاشیستی لە ئێران و داگیرکەر لە کوردستان، زۆر لێی تۆقاوە.

- ئایا ئەم هەڕەشە و گوڕەشانە، کاریگەریی هەبووە لەسەر چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا؟

ڕاگەیاندنە کۆمەڵایەتی و گشتییەکان ڕۆڵێکی گرینگیان لە پێکهێنانی فیکرییەتی گشتیی کۆمەڵگا هەیە، وێنەیەک کە خەڵک لە زەینی خویاندا سازی دەکەن بەنیسبەت دنیای دەرەوە لە ڕاگەیاندنە گشتییەکان سەرچاوە دەگرێت، هەر بۆ نموونە دوو فیلمی her و  Gone Girl دوو میناکی هەرەباش لە پێگە و ڕۆڵی پێکهێنانی زەینی گشتیی کۆمەڵگان کە چلۆن دەتوانن لەسەر کردەوە گشتییەکان خۆ بنوێننن هەر بۆیە لە زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تیۆریی جیاواز بۆ شیکردنەوەی ئەم مەسەلانە سەریان هەڵداوە، لەم پەیوەندییەدا ئازادیی ڕاگەیاندنەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان یەکێک لەو چەمکانەیە کە بۆ وەدەستخستنی هەواڵی ڕاست و دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکان بۆ خەڵک بەراورد دەکرێت و بەنیسبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران پرۆشییەکی جیددی ساز بووە کە دۆخی ئازادیی ڕاگەیاندن و ئازادیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئەمنییەتی دنیای مەجازی یەکجار خراپە، ئەم مەسەلە ڕیشەی لە پێکهاتە و فیکرییەتی ئەم حکوومەتە چەقبەستوو و فاشیستەدایە.  بۆ وڵامی پرسیارەکە دەتوانین بڵێین بەڵێ و ئەم بابەتە بە شێوازێکی کاتی و ڕێژەییە و گشتی نییە، بەڵام بە دەرکی زانستی دنیای تکنۆلوژیا و ئینتێرنێت ڕاستییەک بۆ ئێمە ڕوون دەبێتەوە کە خێرایی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیی سەردەم  لە "فێلاپی  بۆ ڕەم" لە "مادۆن سوور بۆ بۆلوتووز و وایرلێس" لە نێتی "دایلاپ بۆ ئینتێرنێتی فۆڕجی" و... ئەمانە هەموو لە یەک دەیەدا پیشاندەری دنیایەکی پوویا و چالاکە کە  قورخ ناکرێت. کۆماری ئیسلامی بەم دۆخەی کە ئێستا هەیەتی ناتوانێت پرۆژەیەکی سەرکەوتووی هەبێت هەرچەند کە خەرج و باجێکی یەکجار زۆری لەم ساڵانەی دوایی داوە، بەڵام هێشتا خەڵک زۆرتر حەزیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە، تەنانەت بە چینی سوونەتیی کۆمەڵگای ئێرانیشەوە. تەنانەت ڕێژیم نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لە سازکردنی ئینتێرنێتی بەناو میللی و توڕە هاوشێوە نێوخۆییەکان لە بەرانبەر بە تۆڕەکۆمەڵایەتییە جیهانییەکاندا کە بانگەشەی بۆ دەکات.