کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچە کوردنشینەکانی ئورمیە لە خزمەتگوزاریی ئاوەدانی بێ بەشن + وێنە

17:00 - 17 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: پرۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری لە شاری ئورمیە، ناوچە و گەڕەکە کوردنیشنەکان ناگرێتەوە و ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستانی میدیا، کۆمەڵێک پرۆژە ئاوەدانی لە ئاستی شاری ئورمیە لە سێ‌ڕێیانی دوخانیاتەوە هەتا شەقامی ئیمام عەلی ساز کراون و لەو گەورەرێیەدا ٨ پرد دروست کراون، بەڵام بۆ ناوچە کوردنشینەکانی وەکوو شارەکی دانشگا، تەرزیلوو، شارەکی بەناو سپا، کووی نوسرەت و قەرەقاچ، هیچ چەشنە رێگایەکی پێوەندی لەبەر چاو نەگیراوە و ئەمەش دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییانی کوردی بە رێگا سەرەکییەکان دژوار کردووە.
رێگای نێوان ئەو ناوچانە هەتا گەورەڕێ و رێگای سەرەکی، نزیک بە ٦ کیلۆمیتر دەبێ و ئەمەش هاتوچۆی هاووڵاتییانی بۆ شوێنە گشتییەکان تووشی گرفت کردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە مڵک و سامانانەکانی ئەو ناوچانە کە راگواستنیان نامومکینە، سەرەڕای بەدواداچوونی هاووڵاتییان، مۆڵەتی یاسایی خاوەنداریەتییان وەرنەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ دابەزینی بەهای ئەو دارایی‌یانە و ئەو ناوچانەی خستووەتە پەراوێزی شاری ئورمیەوە.
لە هەمان کاتیشدا دانانی دەکەڵ و بورجەکی موخابراتی لە ناوچە کورنشینەکانی ئورمیە و بڵاوبوونەوەی شەپۆلی مغناتیسییەکان، زیانی بە تەندروستیی هاووڵاتییان گەیاندووە.
هەڵاواردن و گوشاری رێژیم لە ئاستی شاری ئورمیە و گوندەکانی دەوروبەریدا لەدژی نەتەوەی کورد، جیاوازیی نێوان پێکهاتەکانی زەق کردووەتەوە، بە چەشنێک کە ئەو هەڵاواردنانە لە سیمای ئاوەدانی و شارسازیشدا دەبینرێ.