کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری جەختی لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنەکان کردەوە

12:23 - 28 رێبەندان 2719

سێمینارێک لە وڵاتی سوئێد، بە دەستپێشخەریی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بەنیسبەت بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا بەڕێوە چوو و جەختیان لەسەر بەشداری‌نەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی ڕێبەندان، سێمینارێکی سیاسی بە دەستپێشخەریی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان" لە شاری "ستۆکهۆڵم"، بەمەبەستی ڕوونکردنەوە و وشیارکردنەوەی خەڵک لە هەڵبژاردنی دەوری یازدەیەمی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوو.

 لەو سێمینارەدا کە بە بەشداریی نوێنەرانی هەر چوار حیزب و کۆمەڵێک میوان بەرێوەچوو، لایەنەکان جەختیان لەسەر ناڕەوایی دەنگدان لە سیستەمی ڕێژیمی ئێراندا کردەوە کە ڕێژیم بە بێ ئەوەیکە بڕوای بە هەڵبژاردن بێت و گرینگی بە مافی هاووڵاتییان بدات، وەک ئامرازێک بۆ وەرگرتنی ڕەوایەتیی خۆی هەوڵ دەدات بە فێڵ و تەنانەت هەڕەشە، خەڵک لەو هەڵبژاردنانە بەشداری بکەن.

لەو سێمینارەدا باس لەوە کراوە کە ڕێژیم لەو ڕێگایەوە دەیهەوێ بە جیهان بسەلمێنێ کە هەڵبژاردن لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا بوونی هەیە و خەڵک ئازادە چ شتێک هەڵبژیڕێ.

لەو پانێلەدا هەر یەک لە نوێنەرانی چوار حیزبی ناوەندی هاوکاری، هەرکام لە سۆنگەیەکەوە ڕوانینی خۆیان بۆ بەشداری نەکردنی خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم دووپات کردەوە و داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە لە وەها هەڵبژاردنێکدا، کە قازانجەکەی بۆ ڕێژیمە، بەشداری نەکەن.

"چیا عەلیار" بە نوێنەرایەتی لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەشداری ئەو سیمینارە بوو.

ناوبراو لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژە بە نادێموکراتیک بوونی هەڵبژاردن لە سیستەمی داخراوی ڕێژیمی ئێراندا، باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران هیچ دەرەتانێکی نەهێشتووەتەوە کە خەڵک لەو ڕێگایەوە ویست و داخوازەکانیان مسۆگەر بکەن.

"عەلیار" وتی، هاوکات نوێنەرانی مەجلیس ئەگەر لە هەموو فیلتێرە ئەمنیەتییەکانیش تێپەڕ بن، بەڵام سەڵاحییەت و دەسەڵاتی ئەوتۆیان نیە کە یاساگەلێک پەسند بکەن لە قازانجی خەڵکدا بێت چونکە شۆرای نیگابان و شۆرای کولتووری و کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام رەدی دەکەنەوە.

"ناوبراو"، لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە ڕێفۆرمخوازەکان بەردەوام سوپاپی مانەوەی ڕێژیم بوون و لەکاتی قەیرانی نێوخۆیی و دەرەکیدا  بە فریای ڕێژیم کەوتوون، بەڵام ئەمجارە لە خۆپێشاندانەکاندا دیتمان کە خەڵک دروشمیان بە دژی تەواویەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدا و هاواریان دەکرد (اصلاح طلب، اصولگرا دیگر تمام است ماجرا)، ئەوەش وای لە ڕێژیمی ئاخوندی کرد کە چیتر نەتوانێت، خەڵک بە ڕیفۆرمخوازەکان فریو بدات.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە سیاسەتی دروست و ئوسوولیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمەوە بە لێکدانەوەیەکی دروست و ئوسوولی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی کردووە و (نا)ی بە کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا وتووە، کە جێگای خۆشحاڵیە ئەمڕۆ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و تەنانەت ڕیفۆرمخوازیش، هاتوونەتە سەر ئەو بڕوایە کە حیزبی دێموکرات و گەلی کورد هەیانبووە.

لە بەشی دووهەمی ئەو سێمینارەدا بەشدارانی کۆڕەکە، تێبینی و پرسیاریان ئاراستەی نوێنەری حیزبەکان کرد کە وڵامیان درایەوە.

لە کۆتایی سێمینارەکەدا جارێکی دیکە نوێنەرانی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری، پێداگرییان لەسەر بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داوایان کرد کە (نا) بەو دەسەڵات و نیزامە بڵێن کە بووەتە مایەی قەیران و بەڵا بۆ ژیانی هاووڵاتییانی خۆی.