بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی باسی زیادبوونی نرخی پێداویستییەکانی لە مانگی خاکەلێوەدا کرد و ڕایگەیاند کە پێوەری بەهای "گرووپی تایبەتی کاڵا" بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ٩٥.٧ لەسەد گەشەی کردووە؛ ژمارەیەک کە نیشاندەری بەردەوامیی ڕەوتی ڕوو لە سەرێی هەڵاوسانە، بەتایبەت لە بەشی کاڵا بنەڕەتییەکاندا.
لەو ڕاپۆرتەدا، ئەگەرچی وردەکاریی ورد سەبارەت بە گۆڕانی نرخی ماددە خۆراکییەکان نەخراوەتە ڕوو، بەڵام جەخت کراوەتەوە کە نرخی ئەم پێداویستییانە لە بەراورد لەگەڵ ڕەشەمەی ١٤٠٤ نزیکەی ٩ لەسەد زیادبوونی مانگانەی هەبووە.
پێشتریش هەڵاوسانی ساڵانەی خۆراک لە مانگی ڕەشەمەدا بە زیاتر لە ١١٢ لەسەد ڕاگەیەندرابوو؛ ڕەوتێک کە گوشارێکی دووچەندی خستووەتە سەر بژێویی بنەماڵەکان.
بەپێی ئەم داتایانە، خۆراکە بنەڕەتییەکان ئێستا نزیکەی ٨٥ لەسەدی کەمترین داهاتی بنەماڵەیەک بە مووچەی بنەڕەتی بۆ خۆیان تەرخان دەکەن. هاوکات، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی ئێران لە ١٢ مانگی کۆتایی تا خاکەلێوە گەیشتووەتە ٥٠.٦ لەسەد.
دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش سەبارەت بە دۆخی ئێران هۆشدارییان داوە و پێشبینی دەکرێت ڕێژەی هەڵاوسان تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ٦٩ لەسەد کە بەرزترین ئاستی هەڵاوسان لەدوای شەڕی جیهانی دووەمە.
بەپێی خەمڵاندنی ئەم دامەزراوانە، ئێران دوای ڤێنێزوئێلا و سوودان، بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی لە جیهاندا هەیە.
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فائۆ)، مانگی ڕابردوو سێ وڵاتی خستە ڕیزی "باری نائاسایی هەڵاوسانی پێداویستییە خۆراکییەکان" کە ئێران، سوودان و سوودانی باشوور لەخۆ دەگرێت.