کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نیزام پەرستاری وەرگرتنی "ئینتێرنێتی چینایەتی" ڕەت کردەوە

17:07 - 6 بانەمەڕ 2726

ڕێکخراوی نیزام پەرستاری لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە کاتی سنووردارکردنی ئینتێرنێتی نێودەوڵەتیدا، داوای "ئینتێرنێتی پڕۆ" بۆ ئەندامەکانی ناکات.

ئەم دامەزراوەیە جەختی کردووەتەوە تا ئەو کاتەی دەستڕاگەیشتنی گشتیی هاووڵاتییان بۆ ئینتێرنێتی ئازاد دەستەبەر نەکرێت، بەدواداچوون بۆ سوودمەندبوون لە هیچ جۆرە ئیمتیازێکی تایبەت بۆ گرووپە دیاریکراوەکان ناکات.

"ئینتێرنێتی پڕۆ" ناونیشانێکە بۆ دەستڕاگەیشتنی هەندێک لە چینەکان و کەسانی نزیک لە ڕێژیم کە لەلایەن دامەزراوە حکومەتییەکانەوە خراوەتە ڕوو؛ پڕۆژەیەک کە پێشتریش بە پێدانی خزمەتگوزاری هاوشێوە بە هەندێک گرووپی وەک ڕۆژنامەنووسانی نزیک لە دەسەڵات، جێبەجێ کراوە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدا ڕادەگەیەنرێت کە بەپێی ڕاپۆرتی "نێت بلاکس"، پەککەوتن و سنووردارکردنی ئینتێرنێت لە ئێران کە هاوکات لەگەڵ گرژییە سەربازییەکانی ئەم دواییە دەستی پێکردووە، بووەتە یەکێک لە درێژترین خولەکانی بڕان یان پەککەوتنی بەرفراوانی ئینتێرنێت لە ئاستی جیهاندا.