کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتیژیی ئێمە؟!

08:30 - 3 بانەمەڕ 2726

سۆران عەلیپوور

لەگەڵ هەر شەڕێکدا بێجگە لەوەی زۆر لە هاوکێشە سیاسی و ژیۆپۆلیتیکییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و هاوسەنگیی هێز دادەڕێژرێتەوە، کۆمەڵێک پڕەنسیپ و بەهای بەرزی ئەخلاقی، مرۆیی و ئازادیخوازنەش دەکەونە بەردەم ئەزموونکردن و ئاڵنگارییەکی جیددییەوە. پەیمان و گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان کە لە کاتی ئاشتیدا تریفەیەکی پیرۆزیان هەیە، لە پشت هەوری تاری دەمارگرژی و کەف و کوڵی هەڵچووی هەست و ڕقدا ون دەبن.

شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ ئێمەی کورد تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی و سەیری ڕووخانی قەڵای زۆرداری نییە، کە بێگومان ئەو داڕمانەش هیوایەکی لەمێژینەیە و بەربەستێکی گەورەی گەیشتنی کورد بە "دانیشتنێکی ئاسوودە لە داوێنی چیا"دایە، بەڵکوو لە لایەکی دیکەشەوە هەموو ئەو دروشم و بەها بەرزانەی لە دامەزرانی کۆمارەوە تا ئێستا باوەڕمان پێ هەبوون، دەخاتە بەردەم ئەزموونێکی نوێوە.

با لەوەوە دەست پێ بکەم کە کۆماری ئیسلامی زۆر زوو دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357، بانگەوازی شەڕ و فتوای جیهادیان دژی گەلی کورد ڕاگەیاند و لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو شەڕە هەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارییەوە تا هێرشکردنە سەر پێکهاتە، ناسنامە، کولتوور، زمان، زەوی و ئاسمانی کوردستان بەردەوام بووە. کۆماری ئیسلامی کە هیچ پێوەرێکی ئەخلاقی و مرۆیی لە دامەزراندنەوەی حکوومەت و داڕشتنی سیاسەتەکانیدا ڕەچاو نەکرد، چاوەڕوانیی لێ نەدەکرا لە کاتی شەڕدا لانیکەم ڕێز لە کۆمەڵێک بنەما و ڕێککەوتنی جیهانی بگرێت. ئەو ڕێژیمە بە پەیڕەوکردنی تاکتیکی "سەرزەمینی سووتاو" لە کوشتنی منداڵی سەر لانکە، بۆمبارانکردنی کوێرانەی خەڵکی ئاسایی، وێرانکردنی نەخۆشخانە، کوشتنی دیل و بێڕێزی کردن بە جەستەی قوربانیان، دادگایی سەرپێیی، شێواندنی ژینگە و ژیواری کوردان و زۆر کردەوەی قێزەونی دیکەش نەپرینگایەوە.

لە بەرانبەردا حیزبی دێموکرات کە ڕابەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی لەو پارچەی نیشتماندا دەکرد، بە سیاسەتی ژیرانەی د. قاسملووی شەهید و د. سەعید شەرەفکەندی لە پێشێلکردنی یاساکانی شەڕ پێشگیرییان کرد. هەوڵی د. قاسملووی شەهید ئەوە بوو کە ناسنامەی سەربەخۆی بزووتنەوەیەکی دێموکراتیخوازنە و سیاسەتەکانی ئەو حیزبە، مەودای زەوی و ئاسمانیان لەگەڵ کردەی شەڕانگێزیی گرووپێکی چەکدارهەبێت کە پەنا بۆ بارمتەگرتن و تەقینەوە و کردەی تێرۆریستی دەبات.

بزووتنەوەیەک کە خاوەنی ڕابردوویەکی دەوڵەمەند بەو بەها بەرزە ئەخلاقی و مرۆییانە بێت و لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا ئەزموونێکی گەورەی لە خەباتی ڕێکخراوەیی، دیپلۆماسی و هەنگاوە ناتوندوتیژییە مەدەنییەکان بەدەستەوە دابێت و لە کاتی شەڕیشدا ناسنامەی ئازادیخوازی و دێموکراسیخوازی خۆی خەوشدار نەکردبێت، بێگومان لەو هەلومەرجەی ئێستادا چاوەڕوانی سیاسەت و هەنگاوی ژیرانەی لێ دەکرێت. دەتوانین لە چەند ڕوانگەیەکەوە لە هەڵوێستی حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوەکانی دیکە بڕوانین؛ بەدەر لەوەی کە ئەنجامەکانی ئەو شەڕە چی دەبن و چ سیناریۆیەک داهاتووی ئێران دەگرێتە خۆی، گرنگە کە بزانین بایەکان لە کوێوە هەڵدەکەن و شوێن و پێگەی خۆمان لەو دەریا خرۆشاوەدا بە کۆمپاسی بنەما هەمیشەییەکانمان دیاری بکەین.

پرسی یەکگرتوویی:

یەکێک لە کارتە بەهێزەکان بە دەست کوردەوە، پاراستنی یەکدەنگی و یەکگرتووییە لەنێو هێزە سیاسییەکانیدا و کۆبوونەوە لە دەوری کۆمەڵێک ئامانجی هاوبەشە کە لە هەلومەرجی ئێستادا چوارچێوەیەک بە ویستەکانی بدات و لە دەوری کۆمەڵێک ڕێوشوێنی هاوبەش لە شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکاندا کۆیان بکاتەوە. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کە بۆ ئەو مەبەستە دامەزرا، کەلێنێکی گەورەی پڕ کردەوە و لەسەر چەند ئامانجێکی بنەڕەتی وەک دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکان، دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە ساغ بوونەوە.

تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەرێنیی ئەو هاوپەیمانییە ئەوە بوو کە هەر لە سەرەتاوە دەروازەی بەڕووی هێزەکانی دیکەی کوردستان بە ئاواڵەیی هێشتەوە و ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت هەموو خەڵکی کوردستان بە هەموو جیاوازییەکان لەو هاوپەیمانییەدا خۆیان ببیننەوە. لەوانەیە لەسەر چۆنیەتی و کارایی ئەو هاوپەیمانییە سەرنج و تێبینی هەبێت، بەڵام هەر زوو بە کاردانەوەی توندی نەیاران لە ئاست ئەو هەنگاوەدا دەرکەوت کە کارێکی دروست، کاریگەر و ژیرانە بوو.

هەنگاوی داهاتووی ئەو هاوپەیمانییە چۆنیەتیی دۆزینەوەی هاودەنگ و هاوپەیمانە لەنێو نەتەوەکانی دیکەی جوگرافیای ئێراندا. کورد لە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئێرانی و نەتەوەکانی دیکە هەمیشە لەسەر چەند ویستێکی ستراتیژی پێداگری کردووە؛ یەکەم ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک سیستەمێکی دیکتاتۆری ناوەندگەرا پەسند ناکەن. حکوومەتی داهاتوو دەبێ جیاوازییە نەتەوەییەکان ببینێت، دانیان پێدا بنێت و پاشماوەکانی سیاسەتی هەڵاواردن و تواندنەوە و بێبەریکردن لەنێو ببات. هەر جۆرە حکوومەتێک کە بگەڕێتەوە بۆ چەمکی "نەتەوەی باڵا"، یەکدەستکردن و یەکڕەنگکردنی خەڵکی ئێران و کۆکردنەوەی دەسەڵات لەنێو دەستی کەمینەیەکی دیاریکراودا، ئەوا دووپاتەکردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردووی سەد ساڵی ڕابردووە کە لە چەندین قۆناخی مێژووییدا لە مەحەک دراوە و خۆی تاقیکردووەتەوە و تووشی داڕمان هاتووە.

سەربەخۆیی سیاسی و بەرژەوەندیی گەلێک:

گەلی کورد و بزووتنەوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ناسنامەی تایبەتی خۆی هەیە. سیاسەت و ئامانجەکانی بەستراونەتەوە بە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و داهاتووی ئەو پارچەی نیشتمان، نەک ویست و بەرژەوەندیی لایەنی دەرەکی یان پشتیوانیی کوێرکوێرانە لە ئەجێندا و سیاسەتی وڵاتانی دیکە. لەوەش گرنگتر پاراستنی سەربەخۆیی سیاسییە و بڕیاردانە لە سۆنگەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان. تا ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر داهاتووی ئێران بەرنامەیەکی کۆنکرێت و یەکدەستیان نییە و دیار نییە کە چۆن ئەو شەڕە درێژە پێ دەدەن یا چۆن کۆتایی پێ دێنن، بۆیە بۆ خەڵکی کوردستان گرنگە کە بزووتنەوە سیاسییەکەی بە ئەزموون‌وەرگرتن لە ڕۆڵی زلهێزەکان لە مێژوودا و خوێندنەوەی دۆخی ئێستا هەنگاو بنێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی مانۆڕ و سیاسەتی پۆپۆلیستیی لایەنی دەرەکی.

پاراستنی یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان:

کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە لە ڕێگەی جیاوازەوە هەوڵ دەدات کەلێن و درز بخاتە نێو کۆمەڵی کوردی، هێندێک جار لە ڕێگەی دروستکردنی ئاژاوە و ناکۆکی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی و بە شێوەی بەردەوامیش لە ڕێگەی چەکدارکردن، هەڵخەڵەتاندن و ڕاکێشانی کەسانێک بۆ نێو ڕیزەکانی خۆی یان ناچارکردنی خەڵک بۆ ئەوەی بە جۆرێک بەو هێزانەوە پەیوەست بن. لە ماوەی ڕابردوودا لە پەیامەکانی سکرتێری گشتیی حیزب کاک مستەفای هیجری لە بۆنە جیاوازەکاندا و لە بەیاننامەکانی حیزبی دێموکراتدا پێداگری کراوەتەوە لەسەر یەکگرتوویی ڕیزەکانی خەڵک و چەندین جار داوا لەو کەسانە کراوە سەنگەری پەشیمانی بەجێ بێڵن و بگەڕێنەوە ڕیزەکانی خەڵک.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پشتیوانی سەرەکیی بزووتنەوە سیاسییەکەیانن و بە هەر شێوەیەک ئەو کەلێن و درزانە کەمتر بکرێنەوە، لە ئەنجامدا پشتیوانییەکی بەهێزتر و کاریگەرترمان دەبێت. ئەو پرسە بێجگە لە پرسێکی ستراتیژی و تاکتیکی، پرسێکی ئەخلاقیشە کە ئێمە لە داهاتوودا بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە یا بە ویستی خۆیان ڕێگەی خیانەتیان هەڵبژاردووە یا ناچار بەو کارە کراون. لە هەر حاڵدا دادگایی کردنی هەڕەمەکی و سەرپێیی، بەبێ لێکۆڵینەوە و پڕۆسەیەکی دادپەروەرانە لە بەرنامەی هیچ یەک لە هێزە کوردستانییەکاندا نییە و پشێوی و سەرەڕۆیی لەو بوارەدا داهاتووی سیستەمی دادوەریی کۆمەڵایەتیی ئێمە کە لە سەردەمی کۆمارەوە کردوومانە بە دروشمی خۆمان، خەوشدار دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە (کولتووری، زمانی، زاراوەیی، ئایینی یا هەر چەشنە ناسنامەیەکی دیکە) و بەشدارکردنیان لە پڕۆسەی دروستکردنی داهاتوودا، گارانتیی کارگێڕییەکی دێموکراتیک، بەهێز و گشتگیرە کە هەمووان خۆی تێدا ببینێتەوە.

شەڕ و ئەخلاق:

سیاسەتی پۆپۆلیستی و مانۆڕی بەتاڵ و دروشمی بێ بنەما هیچ کات بەشێک نەبووە لە ناسنامەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد. حیزبی دێموکرات بە بەرپرسیارەتییەوە لە ئاست گیان و چارەنووسی هەر هاووڵاتییەکی ئەو نیشتمانەدا جووڵاوەتەوە، هیچ کات خەڵکی بۆ کردەی سەرکێشانەی بێ بەرنامە و نابەرپرسیارانە هان نەداوە. دوکتور قاسملووی شەهید لە یەکێک لە وتارەکانیدا لە گەرمەی شەڕی چەکداریدا بۆ هێزی پێشمەرگە دەڵێت: "ئێمە لە عەینی وەختدا کە شۆڕشگێڕترین و شەڕکەرترین هێزی ئێرانین، لە عەینی وەختدا مەسئوولترین حیزبی ئێرانیشین، هەر بۆیەش میللەتی کورد دەزانێت کە ئێمە مەسئوولانە دەجووڵێینەوە... خوێنی یەک پێشمەرگەمان بە دنیایەک نادەین".

لەبەرامبەردا جارێکی دیکە لە ماوەی شەڕی چل ڕۆژە و تەنانەت لە دوای ئاگربەستیش شاهیدی هێرشی دڕندانە وکوێرانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپە مەدەنیەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات، خوێندنگە، نەخۆشخانە و دامەزراوە خزمەتگوزاریەکانی دیکە بووین، ئەو ڕێژیمە لە موشەکباران کردنی گۆڕستانەکانیش خۆی نەبوارد، بەهەمان شێوە هێرشی کردە سەر خەڵکی مەدەنی باشووری کوردستان و لە ئەنجامی ئەو هێڕشانەدا دەیان کەس بوونە قوربانی، کۆماری ئیسلامی لە کاتی دانوسان و ئاشتیدا کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدا، لە کردەوەی تێرۆریستی دا شەڕانگێزترین و بێبەزەییانەترین شێواز وەک کوشتنی بەکۆمەڵ و دەرمانداوکردنی بەکاردێنێ و لە شەڕیشدا بەردوام خەریکی وێرانکردن و کوشتنی خەڵکی بێتاوانە. ئەوە لە کاتێکدا بەردەوامیی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر کەمپە مەدەنیەکان و پێشمەرگەکان و شەهیدکردنی پێشمەرگە و خەڵکی بێتاوان پێشێلکردنی سەرەتایترین یاساکانی شەڕ واتە پاراستنی خەڵکی مەدەنی و سڤیلە لە شەڕدا.  لەگەڵ هەموو ئەو دژبەر و شەڕانگێزییەدا بۆ کوردستان پاراستنی شوناسی ئازادیخوازانە و دێموکراسیخوازانەی  بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکەی ئەرکێکی ئەخلاقییە؛ بە کردەوە یا بانگەشەی تەمەنکورت و هەڵوێستی هەستەکیی بیرلێ نەکراوە و هەڵنەسەنگێنراو سواری شەپۆلی ڕووداوەکان نەبین و لەو ئەزموونەشدا وەک زۆر ئەزموونی دیکە، بە کەڵک‌وەرگرتن لە هەگبەی پڕی ڕابردوو و سیاسەتی ژیرانە، سەربەرزانە بێینە دەرێ.