ڕۆژنامەی "تایمز" لە ڕاپۆرتێکی ئابووریدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٦٠٠ کەشتیی بازرگانی گەورە لە گەرووی هۆرمۆز و ئاوەکانی دەوروبەریدا ڕاوەستاون؛ بارودۆخێک کە یەکێک لە زیندووترین خاڵە ستراتیژییەکانی بازرگانی و وزەی جیهانی تووشی پەککەوتنێکی کەموێنە کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی کەشتیوانی، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێڕەوی ئەو کەشتییانەی مۆڵەتی تێپەڕبوونیان هەیە، بەرەو ئاوەکانی دەوروبەری "دوورگەی لارک" دەگۆڕێت کە لەژێر کۆنترۆڵی توندی خۆیدایە.
شیکەرەوەکان دەڵێن گەرووی هۆرمۆز لە ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتیی ئازادەوە گۆڕاوە بۆ گوزەرگەیەکی "هەڵبژێردراو و پڕمەترسی" کە تێیدا بیمە و کارپێکردنی کەشتییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
شارەزایانی بواری وزە هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی ئەم گەمارۆ ناڕاستەوخۆیە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دروستبوونی گوشارێکی زۆر لەسەر زنجیرەی دابینکردنی کاڵا لە جیهاندا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تەنانەت ئەگەر لە ئێستادا گرژییەکان کەم ببنەوە، بەهۆی کەڵەکەبوونی ئەو سەدان کەشتی و نەوتهەڵگرە لە نۆبەی تێپەڕیندا، گەڕانەوەی هاتوچۆ بۆ باری ئاسایی پێویستی بە چەندین حەوتوو دەبێت.
ئێستا گەرووی هۆرمۆز وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ پێوانی ئاستی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و سەقامگیری ئابووری جیهان سەیر دەکرێت.