کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینتێرنێت لە ئێران دەبێتە ئیمتیاز و تەنیا دەدرێتە کەسانی دیاریکراو

13:16 - 6 بانەمەڕ 2726

ڕۆژنامەی "شەرق" ڕایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی سنووردارکردنە بەرفراوانەکانی ئینتێرنێت، پڕۆژەیەک بە ناوی "ئینتێرنێتی پڕۆ" لە دامەزراوەکانی ڕێژیژم پەسەند کراوە کە بە وتەی ئەم ڕۆژنامەیە، دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت لە مافێکی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ ئیمتیازێک کە تەنیا بە کەسانی دیاریکراو دەدرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم پڕۆژەیە لەژێر ناوی وەک "ئینتێرنێتی پڕۆ" و "ئینتێرنێتی بەردەوام" بەبێدەنگی پەسەند کراوە و جێبەجێکردنی بە ناوەندی میللی فەزای مەجازی سپێردراوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تەنانەت لە نێوان وەرگرانی ئەم جۆرە ئینتێرنێتەشدا، ئاستی دەستڕاگەیشتنەکان یەکسان نییە.

هەندێک بەکارهێنەر تەنیا دەستڕاگەیشتنیان بەو خزمەتگوزارییە سنووردارانە هەیە کە پەیوەندییان بە پیشەکەیانەوە هەیە، لە کاتێکدا گروپێکی تر دەستڕاگەیشتنی بەرفراوانتریان هەیەکە نیشاندەری دروستبوونی پۆلێنکردنی چەند چینە لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێتدا.

هەروەها خاوەنکار و کۆمپانیاکان بۆ وەرگرتنی ئەم خزمەتگوزارییانە، دەبێت داواکاریی فەرمیی خۆیان لەگەڵ زانیاریی وردی بەکارهێنەران پێشکەشی لێژنەیەکی سەر بە شورای باڵای ئەمنییەتی میللی بکەن.

ناچارکردنی خاوەنکار و کۆمپانیاکان بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی فەرمی لەگەڵ زانیاریی وردی بەکارهێنەران بە لێژنەیەکی سەر بە شورای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم، نیشانی دەدات کە دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت نەک هەر سنووردار کراوە، بەڵکوو بە میکانیزمە ئەمنییەتییەکانەوە گرێ دراوە.