کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی یەکیەتیی کوردان: دەسدرێژی بۆسەر فەریناز، دەسدرێژییە بۆسەر کەرامەتی مرۆڤایەتی

16:53 - 21 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: ناوەندی یەکیەتیی کوردان لە وڵاتی سوێد، لە بەیاننامەیەکدا مەرگی گوماناویی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\'ی مەحکووم و ناڕەزایەتیی خۆی بەو کردەوە دژی گەلییانەی دەسەڵاتدارانی ئێران دەردەبڕێ.

لە بەیاننامەکەی ئەو ناوەندەدا هاتووە: پێکهاتەی رێژیمی ئاخووندی لەسەر بنەمای وەلی فەقیهـە و لەسەر ئەو بنەمایەش، دەسەڵاتی خۆی زاڵ کردووە و خۆیان بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی دەزانن کەچی کردارەکانیان پێچەوانەی هەموو کاری خودا، شەریعەت و قورئانە.

نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بە \'\'کوردسیان میدیا\'\' گەیشتووە و دەقەکەی بەم چەشنەیە:

ناوەندی یەکیەتیی کوردانی سوێد بە توندی ئیدانەی ئەو کارە نامرۆڤانەی دەسەڵاتدارانی رێژیمی دژە مرۆڤی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکات. ئەو دەستدرێژییەی رێژیمی ئیسلامی دەرحەق بە فەرینازی شۆڕشگێر و قارەمان لە شاری مەهاباد لە هوتێل تارا، دەستدرێژیە بۆ سەر کەرامەتی هەموو مرۆڤایەتی و گەلی کورد بە تایبەتی.

رێژیمێک لە سەر پایەی سەرکوت، دیکتاتۆرییەت، رەگەزپەرەستی و مەزهەب تەوەری پێکهاتبێ، هەر ئەم چاوە‌ڕوانیانەی لێ ‌دەکرێ و لەمەش باشتریان پێ نابێ بۆ گەلی قارەمانی کورد و گەلانی ئێران.
چونکە پێکهاتە و کرداری کاربەدەستان و پەروەردەکراوانی رێژیمی ئاخۆندی هەر ئەمە ئەزان و بە شیوەی تایبەت بە خۆیان پەروەردەکراون. هەر بۆیە بەرهەمی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گەلانی ئازادیخوازی ئێران هیچی دیکەیان پێ نابێ و پێ نییە.

ئەمەیەکەمین و دوایین تاوان نییە کە کاربەدەستانی رێژیم کردبیان. دەیان تاوانی گەورەتریان لە ناو چاڵە رەشەکان و لە پەشت دەرگا داخروەکان ئەنجام داوە و ئەنجامی دەدەن. هەر بۆیە گەلانی ئێران و گەلی کورد بەتایبەتی بە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی بە توندی بە گژ کردەوەکانی رێژیمدا دەچنەوە، هەروەها ئەرکی خەڵکی هەموو شارەکانی کوردستانە بەو شێوەیەی رژانە ناو کۆڵانەکان پشتیوانی خۆیان لە شاری قارەمان و راپەڕیوی مەهاباد دەرببڕن و وڵامی توندی کردەوە قێزەونەکانی رێژیمی ئاخوندی بدەنەوە، ئەگینا ئەوڕۆ بە فەریناز کراوە لە مەهاباد سبەی بە دایک و خوشکانی دیکەمان ئەکرێت لە شارەکانی دیکە.

رێژیمی ئاخوندی لە سەر بنەمای وەلی فەقێ خۆی بە سەر خەڵکی ئێراندا سەپاندووە. واتە لە جێی خودا لە سەر زەویی کار دەکات، کەچی کردارەکانیان پێچەوانەی هەموو کاری خودا، شەریعەت و قورئانی ئیسلامە.

ئێمە وەک ناوەندی یەکیەتی کوردانی وڵاتی سوید بە هەموو شێوەیەک پشت و پشتیوانی شاری راپەڕیوی مەهاباد و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانین.

جارێکی دیکە بە توندی ئیدانەی ئەو کارە و کارە ناڕەواکانی دەسەڵاتدارانی رێژیم و دژە مرۆیی ئاخوندی دەکەین، هەروەها داوا لە هەموو وڵاتی دێموکرات و ئازادیخواز دەکەین لە‌مەڕ جنایەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بێ دەنگ نەبن.

ناوەندی یەکیەتی کوردان لە سوید

بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی