کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی قوتابییانی گوندێکی مەریوان لەهەمبەر خراپیی دۆخی بینای قوتابخانەکەیان

23:08 - 3 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی تێکڕووخاوی گوندی سەرنژمار دوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بە نیوەچڵی ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، قوتابخانەی گوندی سەرنژمار سەربە شاری مەریوان، ماوەی ١٠ ساڵە کە تێکڕووخاوە و هەنووکە ئەو قوتابخانەیە پێویستی بە نۆژنکردنەوە هەیە و بەرپرسانی رێژیمی ئێران هیچ ئاوڕێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نادەنەوە.

ساڵی رابردوو نۆژنکردنەوەی قوتابخانەی ئەو گوندە دەستی پێ کرد، بەڵام هەتا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی فیزیکیی پێوە دیار نییە و پاش ماوەیەک کارکردن لەسەر ئەو قوتابخانەیە بە تەواوی دەستیان لە نۆژەنکردنەوە هەڵگرتووە.

دانیشتوانی گوندی سەرنژمار لەهەمبەر بایەخ پێ نەدانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران بەو مەسەلە ناڕزایەتیان دەڕبری و لەو پێوەندییەدا قوتابییانی ئەو گوندە کوبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

قوتابیان لەو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەدا بە دروشمی وەکوو درێژەدان بە خوێندن لە قوتابخانەیەک مافی رەوای ئێمەیە و تەنیا ویستی ئێمە دروست کردنی قوتابخانەیەکە لە هەمبەر ئەو دۆخە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

نەبوونی ئیمکاناتی ئامووزشی لە قوتابخانەی گوندەکانی کوردستان دەبێتە هۆی ئەوە کە ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییان واز لە خوێندن بێنن.

لەو پێوەندییەدا \'\'کوردستان میدیا\'\' هەتا ئێستا چەندین راپۆرتی لەسەر نەبوون و کەمی ئیمکاناتی ئامووزشی لە قوتابخانەکانی کوردستاندا بڵاو کردووەتەوە