کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی چالاکانی مەدەنی لە کردنەوەیی پێشانگایەکی ڕێژیمی ئێران لە شاری هەولێر

20:59 - 13 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: کردنەوەیی پێشانگایەکی بەناو فەرهەنگی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری هەولێر ناڕەزایەتی بەشێک لە چالاکان و ڕۆشنبیرانی ئەو شارەی لێ‌کەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چالاکانی مەدەنی و ڕۆشنبیرانی شاری هەولێر ناڕەزایەتییان لە ژێر ناوی نا بۆ هێنانی کولتووری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە دەربڕی.

چالاکان مەدەنی و ڕۆشنبیران و لاوان بە ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەر چەشنە چالاکییەکی کۆماری ئیسلامی لەو شارە، پێیان وایە کردنەوەیی پێشانگایەکی لەم چەشنە هەوڵدانە بۆ پەرەپێدانی کولتوور سیاستەکانی خۆی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان.

چالاکان و ڕۆشنبیران لەو باوەڕەدان، کۆماری ئیسلامی کەڵکی لە قەیرانی سیاسی و ئیداریی باشووری کوردستان وەرگرتووە و زۆر بە خێرایی خەریکی بڵاوکردنەوەیی سیاسەتەکانی خۆیەتی.

ئەو چالاکانە بە هەڵکردنی بنێرە نووسراوەکان و وێنەی لە سێدارەدان و دەستبەسەر کردنی لاوان و ڕۆشنبرانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیان لەقاودا کە چۆن ئێستا دەتوانی خزمەت بە کولتوور و فەرهەنگی کورد لە باشووری کوردستان بکات و لە کاتێکدا بڵاوکردنەوەیی فەرهەنگ و کولتوور ئەرکی دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە نەک کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەو پێشانگایە لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت و هیندێک لە چالاکان لەو باوەڕەدان کردنەوەیی ئەو پێشانگایە لە هۆڵی پێشوا بەبێ ڕێزی وەسف دەکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو ڕۆشنبیرانی شاری کەرکووکیش بە بۆنەی کردنەوەی بنکەی ڕۆشنبیریی خومەینی لەو شارە لە ٣٧مین ساڵی دامەزراندنی کۆماریی ئیسلامی ڕەخنە و ناڕەزایەتییان لە مەڕ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەربڕی.