کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک بە ٦ هەزار هاووڵاتی پێشوازییان لە تەرمی ٤ کۆڵبەری کوژراو کرد

14:09 - 24 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: وێڕای پێشوازی بەرین لە تەرمی ٤ کۆڵبەری کورد، هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووە ئورمیە بە نیشانەی هاودەری لەگەڵ بنەماڵەکانیان دووکان و بازارەکانیان داخست.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ پاش ئەوەی کە رێژیم پێشوازیی بەرینی خەڵکی لەو ٤ کۆڵبەری ناوچەی مەرگەوەڕ کەلە رێگای سنووریی \'\'سێرۆ\'\'وە بۆ شاری ئورمیە دەگوازرانەوە، دیت بەبێ هیچ پاساو و بیانوویەک ماوەی ٥ کاتژمێر تەرمی ئەو چوار لاوەی هەتا شەو رادەستی خەڵک نەکردەوە.
شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: سەرەڕای ئەوەش کە شەو بەسەر کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو ٤ کۆڵبەرە کوردە هاتبوو، دیسان خەڵکێکی زۆر بەشداریی ئەو رێوڕەسمەی کرد کە نزیکە ٦ هەزار کەس مەزندە دەکرا\'\'.
تەرمی ئەو ٤ کۆڵبەرە لە گۆڕستانی گوندی \'\'گەسیان\'\'ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕ، ئەسپەردەی خاک کرا.
٤ کۆڵبەری کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەر چەند رۆژ پێش ئیستا لە سنووری نێوان ئێران و تورکیە کەوتنە بەر گڵۆڵەی رنوو و لە ئەنجامدا گیانیان لە دەست دا و دواتر رێکەوتی ٢١ی رێبەندان لە سنووری \'\'سێرۆ\'\'ی ئورمیەوە بۆ پزیشکی یاسایی راگوێزران.
خەڵکی ناوچەکە بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو قوربانییانە دووکان و بازارەکانیشیان داخستووە.