کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوروێژ/ دەرکردنی خوێندکارانی ئێرانی بە هۆکاری ئەمنییەتی

14:37 - 27 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بەرزترین ناوەندی ئەمنییەتیی وڵاتی نوروێژ، خوێندکارانی ئێرانی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئیسلامی لەم وڵاتە دەر دەکات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پۆلیس و سیستمی ئەمنییەتی دەوڵەتی نوروێژ رایگەیاندووە، خوێندکارانی ئێرانی لە کاتی خوێندن لە ناوەند باڵاکانی ئەم وڵاتە، سەرقاڵی بەدەستهێانی زانستی تایبەت بە چەک‌وچۆڵی کۆمەڵ‌کوژین.

رۆژنامەی ئافتن پۆستێن لە زاری بەرپرسی ئیتلاعاتی دەوڵەتی نوروێژ رایگەیاندووە: زانکۆکانی ئێران وێڕای دەوڵەت بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڵگەی تەزویری بۆ خوێندکاران دروست دەکەن.

هەروەها سیستم پۆلیس و ئەمنییەتی نوروێژ رایگەیاندووە، درێژەدان بە خوێندنی ئەم خوێندکارە ئێرانییانەیان، دەور لێدانەوەی گەمارۆ زانستی – تکنۆلۆژیاکان لە قەڵەم داوە.

سەرەتای ساڵی رابردووش، ٦٤ خوێندکاری ئێرانیی رشتەی فیزیکی ئەتۆمی، ئیلیکترونیک، متالوژی و میکانیک لە نوروێژ دەرکران.

پۆلیسی نوروێژ تۆمەتی ئەم خوێندکارانەی هەوڵدان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری سەبارەت بە دروستکردن و پەرەپێدانی چەک‌وچۆڵی کۆمەڵ‌کوژی لە پێناو بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران راگەیاندووە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هۆی درێژەپێدانی چالاکییە ئەتۆمیییەکانی خۆی لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا گەمارۆی ئابووری قورسی بە دژی پەسند کراوە کە ئەم گەمارۆیانە بەشی زانست و تکنۆلۆژیش لە خۆ دەگرێت.