کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی خزمەتگوزاری، گوندێکی ناوچەی هەورامانی وەزاڵە هێناوە

17:58 - 31 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییان گوندی دەرەکێ سەربە شارستانی سەوڵاوا، زیاتر لە یەک ساڵە داوای دابین کردنی شوێنێک بۆ خڕکردنەوەی زبڵەکانی ئەو ئاوایی‌یە دەکەن، بەڵام لایەنە پێوەندیدارەکان هیچ وەڵامێکیان نادەنەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دانیشتوانی گوندی دەرەکێ سەربە بەخشی مەرکەزیی شارستانی سەوڵاوا بە حەشیمەتی ٦٠٠ بنەماڵەوە، زیاتر لە یەک ساڵە لە رێگای جۆراوجۆرەوە داوایان لە لایەن پێوەندیدارەکان لە شارستانی سەوڵاوا کردووە کە شوێنێک بۆ خڕکردنەوەی زبڵ و خاشاکەکانی ئاوایی دابین بکەن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
هاووڵاتییەکی گوندی دەرەکێ بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی گوت: داواکاریی هاووڵاتییان پاش ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە چەندین ساڵە هاووڵاتییان لەسەر پارە و خەرجی خۆیان بە مەبەستی پاراستنی پاک و خاوێنی و تەندروستییان، زبڵ و خاشاکی گوندەکەیان کۆ دەکەنەوە و هەتا ئێستا بەرپرسانی رێژیمی ئێران نەک هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەریی ئەو گرفتە نەداوە، بگرە داواکاریی هاووڵاتییانیشیان لەو پێوەندییەدا بێ وەڵام هێشتووەتەوە.