کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئیمکانات و خزمەتگوزاری، دانیشتوانی گوندێکی باشووری پارێزگای ئیلامی وەزاڵە هێناوە

23:28 - 6 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: زۆربەی گوندەکانی باشووری پارێزگای ئیلام لە شارستانی دێهلۆڕان بە دەستی بێ‌ئیمکاناتییەوە دەناڵێنن و هیچ کەس و لایەنێکی دەسەڵاتی رێژیمی ئێرانیش خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.
هەواڵنێری هەواڵدەریی \'\'مێهر\'\' گەشتێکی بۆ ئەو ناوچە و گوندەکانی باشووری پارێزگای ئیلام دەست پێ کردووە کە تێیدا باس لە ژیانی پڕلە نەهامەتیی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەکات.
بەپێی ئەو راپۆرتە، گوندی \'\'سەمانە\'\' سەربە شارستانی \'\'دەشتی عەباس\'\' یەکێک لەو گوندانەیە کەلە خاڵی سفری سنووردا هەڵکەوتووە و بەهۆی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، کۆمەڵێک مین لە دەوروبەری ئەو گوندەدا بە چێنراوی ماونەتەوە کە هەتا ئێستاش مەترسیی بۆسەر ژیانی ئەو هاووڵاتییانە هەیە.
خەڵکی گوندی \'\'سەمانە\'\' سەرقاڵی پیشەی دامدارین، بەڵام بەهۆی هاتنی شاڵاوی خۆڵی بیابانەکان ئەو پیشەیەش برەوێکی ئەوتۆی نەماوە و پەکی کەوتووە.
گوندی سەمانە هیچ چەشنە ئیمکاناتێکی خۆشگوزەرانیی تێدا نییە و تەنانەت لە خزمەتگوزاریی بنکەی تەندروستی، خوێندنگە و مزگەوت بێ بەرییە و لە بواری ئاوی خاوێن و شیرینەوە تەنیا ١٠ رۆژ جارێک بە ماشینی ئاوکێش ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
بارودۆخی رێگاوبان، وڵتاژی بەرق، ئاوی خواردنەوە، بارودۆخی تەندروستی لەو پەڕی خراپی و لاوازی دایە و سەرەڕای بەدواداچوونی هاووڵاتییانی ئەو گوندە، لایەنە پێوەندیدارەکان هیچ وەڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.
کۆمەڵێک شیرکەتی پاڵاوتنی نەوت و شیرکەتی دیکەش لەسەر رێگای گوندی سەمانە دامەزرا کە بووە هۆی ئەوە ئاوی خواردنەوەیان لەلایەن ئەو شیرکەتانەوە لێ زەوت بکرێ و خەڵکی گوندیش بە ناچاری بە تانکر ئاوی خواردنەوەیان دابین بکەن.
ئەمە لە کاتێک دایە کە ژمارەیەکی زۆر بێکار و کەسانی کارامە لەو گوندەدا بوونیان هەیە، کە لەلایەن ئەو شیرکەتانەوە وەرناگیردرێن.
هەنووکە بارودۆخی ژیان لە گوندی سەمانە زۆر ئەستەمە و سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە ئاوەکەیان لێ زەوت کراوە، بەڵام هیچ کەس و لایەنێک لەو پێوەندییەدا خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.
لە گوندی سەمانە ٣٠ بنەماڵە بە ١٨٠ کەس حەشیمەتەوە دەژین کە هەتا پۆلی شەشەمی سەرەتایی دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.
بارودۆخی زۆربەی گوندەکانی ناوچەی \'\'دەشتی عەباس\'\' وەکوو \'\'ئەبوو غوەیر و چەم هیندی\'\' هاوشێوەی گوندی سەمانەیە.