کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییانی پەراوێزنشینی شاری ئورمیە، لە کەمیی ئیمکانات وەزاڵە هاتوون

20:20 - 6 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: شاری ئورمیە و بە تایبەت دانیشتوانی گەڕەکە فەقیرنشینەکان لە کەمیی بوودجە و ئیعتبار و نەبوونی خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی رەفاهی وەزاڵە هاتوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بارودۆخی ئاوەدانکردنەوە و نەبوونی خزمەتگوزاری لە گەڕەکەکانی خوارەوەی شاری ئورمیە، نالەبارە و ئەو بارودۆخە رۆژ بە رۆژ نە لەبارتر دەبێ.
بەرپرسانی پێوەندیداری رێژیم، هیچ ئاوڕێک بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە فەقیرنشینانە نادەنەوە.
کۆڵان و شەقامەکانی شاری ئورمیە بارودۆخیکی نالەباری هەیە و کێشەی بۆ هاووڵاتیانی ئەو گەڕەکانە دروست کردووە.
چاڵ و چۆڵەکانی ناو شەقامەکان و قیرەتاو نەکردنی شەقامەکان، کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە کە لەلایەن شارەوانی شاری ئورمیەوە هیچ ئاورێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نادرێتەوە.
ئاوڕنەدانەوە بە بارودۆخی شەقام و کۆڵان و پیادەڕۆکان و بە گشتی بارودۆخی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای ئورمیە لە کاتێک دایە کە بەپێی ماددەی ٥٥ی ئەرکەکانی شارەوانی، درووست کردنی شەقامەکان، کۆڵان، مەیدان، پارکی گشتی و ئاوەڕۆکان و سازکردنی پیادەڕۆکان، پاک و خاوێنی گشتی، رێک و راست کردنی پیادەڕۆکان، خاوێنکردنەوەی کانی و رووبارەکان و هەروەها دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و رووناکایی شار لە گرینگترین ئەرکەکانی شارەوانی ئەژمار دەکرێن.

وێنە: ئەیسنا