کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی خەڵکی ئابدانان لە چۆمی \"چەم شاڵان\"دا خنکا

16:55 - 27 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: تەرمی لاوێکی کوردی خەڵکی ئابدانان کە لەنێو چۆمی چەم شاڵانی ئەو شارەدا خنکابوو، بەبێ هاریکاریی تیمەکانی فریاکەوتن، لەلایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، \'\'ئەحمەد موجاهیدی\'\' ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری ئابدانانە کە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەنێو ئاوی چۆمی چەم شاڵاندا خنکابوو.

دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمی ئەو لاوە داوای هاوکارییان لە بنکەی فریاکەوتن و مانگی سووری ئەو شارە کردبوو کە لەلایەن بەرپرسانی ئەو بنکەیەوە هیچ وڵامێکان پێ نەدرایەوە و هاووڵاتییان بۆ خۆیان پاش چەند کاتژمێر تەرمی ئەو هاووڵاتییەیان بەبێ هاوکاریی هێزەکانی فریاکەوتن دۆزییەوە.

لەو پێوەندییەدا رۆژی هەینی رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی محەممەد پیری تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی کەڵات موورمووری لە چۆمی سیا گاودا خنکا.

نەبوونی مەلەوانگە و شوێنی ستاندارد لە شارەکانی پارێزگای ئیلام بووەتە هۆی ئەوە کە هاووڵاتییان بۆ مەلەکردن روو لە بەنداو و چۆمەکان بکەن، ئەوەش خنکانی هاووڵاتییانی لە چۆمەکاندا لێ کەوتووەتەوە.