کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە راهێنانیان بۆ دەکرێ

23:03 - 27 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران هێزەکانی سەربە حیزبوڵڵای لوبنان و ئەندامانی سەر بەو رێکخراوەیە بۆ شەڕ لە سووریە پەروەردە دەکات.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، یەکێک لە ئەندامانی نیزامیی سەربە رێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنان ئاشکرای کرد کە هێزە نیزامییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان جێگیر لە بەرەکانی شەڕ لە وڵاتی سووریە، لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە ئامووزش دەبینن.
ئەو رایەدارەی حیزبوڵڵا ئاشکراشی کرد کە ئەو هێزانە پاش را‌هێنانیان لە دەورە نیزامییەکان رەوانەی بەرەکانی شەڕ لە سووریە دەکرێن.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هەژماری هێزە نیزامییەکان حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریە لە ٥ هەزار کەس زیاترە و ئەو هێزانە بۆ پشتیوانی لە رێژیمی ئەسەد لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی دژبەری ئەو رێژیمە شەڕ دەکەن.
رێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لەگەڵ هێزەکانی بەشار ئەسەد رۆڵی سەرەکییان لە سەرکوتی خەڵکی سووریەدا هەیە و هەتا ئێستا چەندین کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران و بەسیجی رێژیمی ئێران لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ دژبەرانی رێژیمی ئەسەددا کوژراون.