کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی رێژیم ٢٠ دەزگا ماشینی هاووڵاتییانیان زەوت کرد

17:19 - 1 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: کارتی پێناسی ٢٠٠ هاووڵاتیی کورد و ٢٠ دەزگا ماشین، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمەوە لە ناوچەی شنۆ زەوت کرا.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆمەڵێک هاووڵاتی لە ناوچە شنۆ بە مەبەستی هێنانەوە گیای بەهاری و رووەکی خۆراکی سەردانی کوێستانەکانی \'\'شەترە و گەلی تاڵە جاڕکەی\'\'یان کردووە کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە رێگریان لێ کراوە.
ئەو هاووڵاتییانە کە نزیک بە ٢٠٠ کەس بوون بە ٢٠ ماشینەوە ویستوویانە بۆ هێنانەوەی گیای بەهاری بچنە کوێستانەکان کە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لەو ناوچەیە پێشیان پێ گیراوە و سەرەڕای ئەستاندنی کارتی پێناسەکەیان، ٢٠ دەزگا ماشینەکانیشیان زەوت کردوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە هەتا ئێستا ئەو ٢٠ ماشینە و کارتی پێناسی ئەو ٢٠٠ هاووڵاتییە کوردە رادەستی خاوەنەکانیان نەکراوەتەوە.