کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی رێژیم لە مەریوان هەڕەشەی خومپارەباران کردنی کوێستانەکانی ساراڵ دەکەن

17:37 - 8 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەکە، هێزێکی زۆری نیزامیی رەوانەی ناوچەی مەریوان کردووە و ئەمەش کێشەی بۆ دانیشتوان دروست کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزێکی زۆری نیزامیی بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی دژبەری رێژیم، رەوانەی ناوچە سنوورییەکانی دەوروبەری مەریوان کردووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لە گوندی \'\'گوڵچییەر\'\' سەربە ناوچەی ساراڵ لە مەریوان، گوشاری هێزەکانی رێژیم زیاترە و بە هاووڵاتییانیان راگەیاندووە کە نابێ بچنە کوێستانەکانی دەوروبەری گوندەکەیان.

هێزەکانی رێژیم هەروەها رایانگەیاندووە کە فەرمانیان پێ کراوە کە کوێستانەکان خومپارە باران دەکەن.

ئەو دەربڕینانەی هێزەکانی رێژیم نیگەرانیی دانیشتوانی لەو ناوچەیەدا لێ کەوتووەتەوە.