کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دەركردن لەكرێكارانی كارخانەی قەندی نەغەدە كراوە

03:29 - 3 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: كرێكارانی كارخانەی قەندی نەغەدە ماوەی سێ‌ رۆژە كۆبوونەوەی ئێعترازییان لەمەڕ شێوزای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شۆرای كرێكاری پێك هێناوە.
هەڵبژاردنەكانی شۆرای كرێكاری كارخانەی قەندی شاری نەغەدە گرژی و ئاڵۆزی تێكەوتووە و كرێكاران لەو باوەڕەدان هەیئەت مودیرەی ئەو كارخانەیە رێگا نادا نوێنەری راستەقینەی كرێكاران لەو شۆرایەدا بوونی هەبێ‌.
لەو پێوەندییەدا سایتی ارومیە بڵاوی كردەوە، هەیئەت مودیرەی ئەو كارخانەیە دەستێوەردانی لەهەڵبژاردنەكانی شۆرای كرێكاری‌دا كردووە، و بەكرێكارانیشیان وتووە، ئەگەر دەست لەئێعتراز هەڵنەگرن، لەسەر كارەكانیان دەریان دەكەن.
بڕیار بوو رۆژی شەممە رێكەوتی 29‌ی پووشپەڕ هەڵبژاردنی شۆرای كرێكاری لەكارخانەی قەندی نەغەدە بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هۆی دەستێوردانەكانەی هەیئەت مودیرە ئەو هەڵبژاردنە نەكراوە.
كرێكاران لەو باوەڕەدان، بەرپرسانی كارخانەكە دەیانهەوێ‌ كەسانی سەر بە خۆیان بخەنە ناو ئەو شۆرایە و رێگا لەنوێنەرانی سەربەخۆی كرێكاری بگرن.
هەڕەشەی ئەوە لەكرێكاران كراوە ئەگەر دەست لەئیعتراز هەڵنەگرن و ركەبەرایەتیی لەگەڵ بەرپرسانی كارخانەكە بكەن، لەسەر كار دەردەكرێن.