کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە مەراسمی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی کوردستان کرد

18:45 - 27 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی \'\'محەممەدنەزیف قادری\'\' ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، لە یادی ٧٠ساڵەی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان بەشدارییان کرد.

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستی محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، سەردانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێریان کرد.

هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، و بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتییەوە پێشوازییان لێ کرا.

بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان، محەممەدنەزیف قادری پیرۆزبایی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی پێشکەش کردن و هیوای سەربەرزی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.

هەروەها کاکەمین نەجاڕ و باقی ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان، کە بەشداری یادەکە بوون، وێڕای سپاس و پێزانین لە هەیئەتی حیزبی دێموکرات، جەختیان لە سەر بەهێزترکردنی پێوەندییەکانی هەر دوو لایەن کردەوە.

هەروها کاکەمین نەجاڕ و ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان، هاوکات پیرۆزبایی یادی ٧١ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە هەیئەتی حیزبی دێموکرات کرد.