کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە کۆری پرسە و سەرەخۆشیی مامۆستا هێدی‌دا کرد

15:29 - 9 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: کۆڕی پرسەی مامۆستا هێدی بە ئامادەبوونی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو، ئەدیبان، نووسەران، نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات لە مزگەوتی جەلیل خەیات بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆ، ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر، بە سەرەپەرستیی محەممەدساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکرات، بەشداریی له پرسە و سەرەخۆشیی خالید حیسامی ناسراو بە هێدی شاعیری ناسراوی کورد کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە لە مزگەوتی جەلیل خەیاتی شاری هەولێر بە ئامادەبوونی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو بەڕێوەچوو، بەشێکی بەرچاو لە ئەدیبان و نووسەران و نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات ئامادە بوون.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات پرسە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵە و کەسوکاری مامۆستا هێدی شاعیر کرد.

مامۆستا هێدی لە ساڵی ١٣٠٦ی هەتاوی لەگوندی (شێخاڵ)ی ناوچەی موکریانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەدایک بووە، سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی لەو گوندە ژیاوە و لەژێر چاودێریی باوکیدا خوێندوویەتی. دوای تێپەڕکردنی دەورەی خوێندن و گەیشتن بە سەردەمی لاوێتی کە هاوکات بووە لەگەڵ چالاکیی کۆمەڵەی (ژ. ک) و پاشان دامەزرانی کۆماری کوردستان (١٣٢٤)، دەبێتە پێشمەرگە و لە هەمانکاتدا دەست بە نووسینی کۆمەڵێک شیعری نیشتمانی دەکات و لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاو دەبێتەوە.

بەشێک لە شێعرەکانی مامۆستا هێدی لە دیوانێکدا بە ناوی کاروانی خەیاڵ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئاوێنەی شکاو لە خۆگری کۆمەڵێک بیرەوەری بە قەڵەمی هێدیی شاعیرە، هەروەها ناوبراو کورد و کوردستانی ڤاسیلی نیکیتینیشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.