کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتووبووسی زیارەتكەرانی بەحرەینی لە ئێران ئاگری تێ بەردرا

15:45 - 11 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە بەپێی وتەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە مەنامە ڕایگەیاند، ئوتووبووسێكی هەڵگری زیارەتچییە بەحرەینییەكان، لە ئێراندا ئاگری تێ بەردراوە.

پێشتر و لە كردەوەیەكی هاوشێوەدا، چەند ڕۆژێك پاش پشكنینی جەستەیی چەند حاجییەكی ئێرانی لە فڕۆكەخانەی جەدە، كۆمەڵێك لە زیارەتچییانی عەرەبستانی كە سەردانی بارەگای ئیمامی هەشتەمی شیعەكانیان لە مەشهەد كردبوو، بەهۆی درەمانداوكردن گیانیان لەدەست دابوو.

ئەو كردەوانە لە حاڵێكدایە كە ڕێژیمی ئێران هەمیشە خۆی بە پشتیوانی مافەكانی خەڵكی شیعە لە بەحرەین و عەرەبستان لە قەڵەم دەدات، بەڵام بە پەرەپێدانی ناكۆكییە مەزهەبی و نەتەوەییەكان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و چاندنی تۆوی ڕق و قین لە عەرەبەكان لە ئێراندا، تەنانەت شیعەكانی ئەو دوو وڵاتەش دەكاتە قوربانیی شەپۆلی ڕەگەزپەرەستی و تایفەگەریی خۆی.

حكوومەتی بەحرەین لە ڕێكەوتی ٤ی ژانویەی ٢٠١٦دا، پێوەندییە سیاسییەكانی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پچڕاند و داوای لە شاندی دیپلۆماتیكی ڕێژیم كرد خاكی ئەو وڵاتە بە جێ بهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە ڕاگەیەندراوی خۆی لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو، ئەو بڕیارە ئاكامی درێژەكێشانی دەستێوەردانە هەڕەشەئامێزەكانی ڕێژیمی ئێران لە كاروبارە نێوخۆییەكانی وڵاتی بەحرەین و وڵاتانی عەرەبیی دیكە و وڵاتانی كەنداو بە گشتی بووە.