کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ هاتنی هەورەتریشقە و لافاو، ١١ کوژرا و برینداری لێ کەوتەوە

23:05 - 24 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: هاتنی هەورەتریشقە و لافاو لەم سێ رۆژەی دواییدا لە شارەکانی پارێزگای ئورمیە، سەرەڕای گەیاندنی خەسار و زیانێکی زۆر ماددی، ١١ هاووڵاتیش کوژران و بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە پارێزگای ئورمیە بەهۆی هاتنی هەورەتریشقە و لافاو ٥ هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانی و ٦ کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون.

رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، دوو ژنی تەمەن ٢٤ و ٢٥ ساڵ دانیشتووی گوندی عەبباس ئابادی سەربە شارستانی بۆکان بەهۆی هەورەتریشقەوە گیانیان لە دەست داوە و هەروەها لەو رووداوەدا ٣ کەسی ئەو بنەماڵەیە کەلە زەوی کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری گوندی عەبباس ئاباد سەرقاڵی کارکردن بوون، بەتوندی بریندار و رەوانەی نەخۆشخانەی شاری بۆکان کران.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی مانگی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، دو پیاوی تەمەن ٤٧ و ٥٧ ساڵ کەلە کوێستانەکانی گوندی قیتی محەممەدیار خەریکی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان بوون، بەهۆی لێدانی راستەوخۆی هەورەتریشقەوە رەوانە نەخۆشخانە شاری نەغەدە کران.

لەو پێوەندییەدا دوانیوەڕۆی ئەو رۆژەدا، دوو برای خەڵکی میاندواو بەهۆی هەورەتریشقەوە کوژران و بریندار بوون، یەکێک لە دوو برایانە خەڵکی گوندی \'\'مەلاکەند\'\'ی میاندواو بووە کەلە زەویییە کشتوکاڵییەکان سەرقاڵی کارکردن بووە و بەهۆی لێدانی هەورەتریشقەی دەست لەجێ گیانی لەدەست دا.

هەروەها لە شارستانی ماکۆ هاتنی لافاو گیانی هاووڵاتییەکی کوردی ستاند و خەسار و زیانێکی ماددیی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاند.