کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی ئێران لە دوایین ریزبەندی چاپەمەنیی ئازاد لە جیهاندایە

18:07 - 10 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: باردۆخی ئازادی چاپەمەنی لە وڵاتی ئێران لە دە ساڵی رابردوودا بە یەکێک لە گەورەترین زیندانی رۆژنامەوانان لە جیهان پێناسە کراوە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فریدۆم هاووس تازەترین راپۆرتی خۆیدا لە بارەی باردۆخی چاپەمەنی لە جیهان بڵاوی کردۆتەوە، کە تێدا باسی لە رەوشی یەکجار زۆر خەراپی ئازادی چاپەمەنی لە ئێران دە‌کات و لە دوایین رێزبەندی ئازادی چاپەمەنی لە جیهاندا پۆلێن دەکات.

ئازادی چاپەمەنی باس لەوە دەکات کە ئێران بە پەلەی ١٩١ لە نێوان ١٩٩ وڵات لە رێزبەندیەکەیدا لە پلەی خەراپترین لە قەلەم دراوە.

بە پێی ئەم راپۆرتە کە رۆژی رابردوو لە لایەن جنیفێر دانهەم یەکێک لە دارێژەرانی راپۆرتەکە بڵاو بووەتەوە: بلارووس، کەریمە، گینە ئەستوایی، ئەریتەرە، ئێران، کۆرەی باکوور، سووریە، تۆرکمەنستان، ئوزبەکستان پلەی خەراپترین لە بارەی ئازادی مەدەنی، سیاسیی، مافی مرۆڤ لە جیهانیان بە دەست هێناوە.

راپۆرتی ئازادی چاپەمەنی ساڵی ٢٠١٥ جەخت لەوە دەکات کە، لە ئێران چاپەمەنی سەربەخۆ یان بوونی نییە یا بە سەختی چالاکیان دەبێت.

وڵاتی نوروێژ، سوید،، بلژیک ئازادترین وڵاتی جێهانن و زۆرینەی وڵاتانی جێهان بە تایبەت ئێران لە داخراوترین وڵاتانی جیهان بەڕووی ئازادی چاپەمەنی لەقەڵەم دراوەن.

پێشتر لە مانگی رێبەندان، رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە دۆخی چاپەمەنی لە ئێران زۆر خراپە و رایگەیاند کە ئێران لە ریزبەندی ١٨٠ وڵاتدا پلەی ١٧٣ بە دەست هێناوە.

فریدۆم هاووس(خانەی ئازادی) دامەزراوەی مەدەنی سەربەخۆی ئامریکایە کە لە بوارەکانی توێژینەوە و داکۆکی لە دێمۆکراسی، ئازادی سیاسی و مەدەنییەکاندا چالاکی دەکات. ئەم رێکخراوە لە ساڵی ١٩٤١ لە شاری واشێنگتۆن دامەزراوە و چالاکی خۆی دەست پێکردووە.