کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پانێلی دووهەمی سێمناری دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێستا و داهاتووی ئێران، لە ئاڵمان بەڕیوەچوو

19:00 - 7 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: پانێلی دووهەمی سێمیناری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ، لەژێر ناوی دەستێوەردانە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و پێوەندیی ئەو دەستێوەردانە لەگەڵ سەرکوتی خەڵکی ئێران، لە شاری فڕانکفۆرتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، پانێلی دووهەمی سێمیناری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ، لەژێر ناوی دەستێوەردانە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و پێوەندیی ئەو دەستێوەردانە لەگەڵ سەرکوتی خەڵکی ئێران، لە شاری فڕانکفۆرتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

لە پانێلی دووهەمی ئەو سێمینارەدا، سەرەتا عەباس خۆرسەندی، وتەبێژی جبهەی دێموکراتیکی ئێران لە دەرەوەی وڵات، چەند باسێکی پێشکەش کرد.

خۆرسەندی لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە؛ کۆماری ئیسلامی لە سەرەتادا پڕۆژەیەک بوو و ڕێژیمێک بوو کە لە لایەن خەڵکەوە هەڵنەبژێردرا، بەڵکوو لە لایەن وڵاتانی دەرەوە هاتە سەرکار و دیاردەیەکی نیوە کۆمەڵایەتی بوو، کە بە هۆی ستەمی شاهنشاهی هاتە ئاراوە، و بە گشتی هۆی هاتنە سەرکاری ئەو ڕێژیمە، ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و جیهان بوو.

خۆرسەندی لە قسەکانیدا باسی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرەی شیعە و سووننەی لە ناوچەکەدا کرد و گوتی؛ بەم جۆرە نیە کە ڕۆژئاوا بەدوای قەیرانەوە نەبێت، بەڵکوو قەیران‌سازی بە سوودی ڕۆژئاواشە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی؛ کۆمەڵگای ئێران، کۆمەڵگایەکی ناڕازییە و هێزێكی زۆر بۆ خەبات و بەرەوپێشبردنی هەیە. بۆیە دەبێ زیاتر سەرنج بخەینە سەر بزووتنەوە مەدەنییەکان، کە ئەویش ئەمڕۆ کەمتر دەکرێت.

وتەبێژی جبهەی دێموکراتیک لە دەرەوەی وڵات، باسی لەوەش کرد کە؛ ئەگەر بزووتنەوە مەدەنییەکان کەمیان هێناوە، دەبێ خەباتی چەکداری بەهێزی بکات.

لە درێژەی ئەو سێمینارەدا، دوکتور زیا سەدرولئەشرافی، لە ڕێکخراوی فەرهەنگی ـ سیاسیی ئازەربایجان، قسەی کرد.

ناوبراو هێمای بە یەکێک لە خسڵەتەکانی ڕێژیم کرد و گوتی کە؛ ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات قەیران‌سازی دەکات، ئامانج لەو قەیران‌سازییەش زیادەخوازییە، کە له ناوەرۆک و شوناسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندایه.

دوکتور زیا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی کە؛ کۆماری ئیسلامی به هۆی ناوەرۆکی ئیدئۆلۆژیک و دینیی خۆیەوە، بە هیچ شێوەیەک چاکسازی هەڵگر نیە.

پاشان بەختیار عەلیار، نوێنەری حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو سێمینارەدا، قسەی کرد.
ناوبراو دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە شڵەژاو وەسف کرد، و باسی لە سەرمایەداریی نوێ و سەرمایەداریی نەوت کرد.

نوێنەری حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕێ زەحمەتکێشانی کوردستان، هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ بیرۆکەی ڕێژیم لە ڕابردوو و ئێستادا بەم چەشنه بووە که، ئەمنییەتی نێوخۆ دەبێت بە تێکدەانی ئەمنییەتی وڵاتانی دیکە دابین بکات، و نموونەی ئاشکرای ئەوەش دەستێوەردانی ئەو ڕێژیمە لە سووریەدایه.

عەلیار لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە؛ ئاکامی ئەو سیاسەتانەی ڕێژیم، لە نێوخۆ زۆر زیانبار بووە، و لە سەر دۆخی بژیوی خەڵک کاریگەریی نەرێنی داناوە.

لە بەشی کۆتایی پانێلی دووهەمی ئەو سێمینارەدا، ڕەئوف کەعبی، چالاکیی سیاسیی چەپ قسەی کرد.

کەعبی لە قسەکانیدا هێمای بەو مەسەلەیە کرد کە؛ سیاسەتەکانی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی نێوخۆی ئەو ڕێژیمەیە و ئەوەش تەنیا بۆ پاراستنی ڕێژیم و سەرکوتی خەڵکە.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا لە سەر بوونی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ جەختی کردەوە و گوتی؛ دەبێت کار و کردەوەی دوایین کۆنگرە بخرێته بەر ڕەخنە و پێداچوونە، و وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە بۆچی تا ئێستا کۆنگرە نەیتوانیوە بیاڤی کاریی خۆی پەرە پێ بدات، و ئەو حیزبانەی که خۆیان بە سەرتاسەری دەزانن لە پێگەی شیاوی خۆیاندا دانێت.

کۆتایی ئەو بەشە لە سێمنارەکە بە پرسیار و وەڵامی بەشداربووان کۆتایی پێهات.