کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاوە/ بنەماڵەی قوربانییانی کارەساتی هەڵەبجە لەسەر گلکۆی شەهیدان کۆبوونەوە

23:12 - 27 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: بنەماڵەی قوربانییانی کارەساتی هەڵبجە لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، لە شاری پاوە لەسەر گڵکۆی شەهیدانی ئەو شارە کۆبوونەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕ، ژمارەیەک بنەماڵە کەلە کارەساتی کیمیایی بارانی هەڵەبجە، کەس و کاریان لە دەست دابوو، بە ئامادەبوون لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شاری پاوە یاد و بیرەوەریی قوربانییانی ئەو کارەساتە مێژویییەیان بەرز نرخاند.

رێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی، ژمارەیەک لە قوربانییانی کارەساتی کیمیایی بارانی هەڵەبجە کە دواتر بە ژینۆسایدی گەلی کورد ناسرا، لە نەخۆشخانەی قودسی پاوە گیانیان لە دەست دا و بە هاریکاری دانیشتوانی شاری پاوە لە گوڕستانی مەلا مەقسوود و حاجی بە خاک سپێرداران.

بنەماڵەی ئەو شەهیدانە و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی ناودار، شاعیران و هاووڵاتییانی خەڵکی پاوە خۆیان بە شەریکی خەمی بنەماڵەی ئەو شەهیدانە زانی و لەگەڵ ئەو بنەماڵانە لەسەر گڵکۆی شەهیدان ئامادە بوون و دواتر لە مزگەوتی \'\'قوبا\'\'ی لە رێوڕەسمێکی تایبەت، سەرەڕای بەرز نرخاندنی یادی شەهیدانی کوردستان، لە وەسفی ئەو کارساتە تراژدیکەدا چەندین شیعر و پەخشانی تایبەت خوێندرانەوە.

لەو پێوەندییەدا و لە بیرەوەریی کارەساتی سەردەشت کە کۆمەڵێک هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانی، ژمارەیەک لە شاخەوانانی ئێرانی بەسەر کێوی سەرێ گۆمێ دا سەرکەوتن و پیشانەگایەکی وێنەی تایبەت بەو کارەساتەیان بەڕێوەبرد.

رۆژی ٧ی مانگی پووشپەڕ لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق زیاتر لە هەشت هەزار کەس بە توندی بریندار بوون کە هەتا ئێستاش لە زیانەکانی بۆمبارانی شیمیایی ئازار و ئەزیەت دەکێشن.