کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارلمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

23:24 - 30 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: چوارەمین خولی هەڵبژاردنی پارلمانی کوردستانی باشوور بە رکابەریی ٣٣ لیستەی جیاواز بۆ بەدەست ١١١ کورسیی پارلمان، ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی خەرمانان بەڕێوەچوو.

لەو هەڵبژاردنەدا دوو میلیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ١١١ نوێنەری پارلمانی ئەو هەرێمە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

هەڵبژاردنی چوارەمین خولی پارلمانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە رێوشوێنی توندی ئەمنیەتی لەو هەرێمەدا گیراوەتە بەر و رێگا سەرەکییەکانی هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان و شارە گرینگەکانی دیکە بەسترابوو.

هەڵبژاردنی پارلمانی کوردستان لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ، بەهۆی لێدانی جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەیەکی ئاڵمان دایە و لە هەڵبژاردندا بەشداریی نەکردووە.

کارناسانی سیاسی، هەڵبژاردنی پارلمانی هەرێمی کوردستانی باشوور بە ئەرینی وەسف دەکەن و لەو بڕوایە دان کە ئەو هەڵبژاردنانە، هەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی نزیکتر دەکاتەوە.

سەقامگیریی سیاسی و ئەمیەتیی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق لەهەمبەر باقی ناوچەکانی عێراق، بووەتە هۆی راکێشانی سەرمایەیەکی زۆری وڵاتانی بیانی.

هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پارلمانی کوردستانی عێراق لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە بە وردی رووماڵ کرا و هەندێک لەو هەواڵدەرییانە بە بەردەوامی ئەو رووماڵ کردنەیان ئەنجام دا.

ئەنجامە بەرایی‌یەکان باس لە بەشداریی رێژەیەکی زۆری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەشێوەیەک کە لە دەنگدانی تایبەت، کە تایبەت هێزە ئەمنیەکان بوو و رۆژێک پێش دەنگدانی گشتی ئەنجام درا، ٩٣.٣%ی دەنگدەران بەشدارییان کرد و لە دەنگدانی گشتیشدا لە هەندێ شار و ناوچەدا لە سەدا ٦٠ی دەنگدەران بەشدارییان کردووە.