کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی ئاوی خواردنەوە لە ئیلام ناڕزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە

14:31 - 17 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: ئاوی خواردنەوەی ناوچەی دەشتی عەبباس سەربە پارێزگای ئیلام، بەتەواوی پچڕاوە و بەرپرسانی رێژیمی ئێران هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە نادەن.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان، ماوەیەکە ئاوی ناوچەی دەشت عەبباس سەربە شارستانی دێهلۆران لە پارێزگای ئیلام، بەهۆی تاڵان کردن و دزینی کابڵەکانی کارەبای پۆمپاژی ئاو بەتەواوی پچڕاوە.
پچڕانی ئاوی ئەو ناوچەیە ناڕزایەتیی دانیشتوانی لێکەوتۆتەوە وبەرپرسانی رێژیم وەکوو هەموو کێشەکانی دیکەی ناوچە کوردنشینەکان، لەهەمبەر ئەو کێشەیە خۆ بە بەرپرسیارنازانن و بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هیچ هەوڵێک نادەن.
لەو پێوندییەدا زۆربەی گوندەکانی شارستانی دێهلۆران لە باشووری پارێزگای ئیلام لە نەبوونی ئیمکانات و خزمەتگوزای دەناڵێنن و هیچ ناوەند، یان رێکخراوێکی رێژیم خۆی بەرپرسیار نازانێ.
بارودۆخی جاددەکان، کارەبا، ئاوی خواردنەوە، بارودۆخی بێهداشت و تەندروستی لە گوندەکانی ئەبوو غۆوەیر، چەم هیندی و سەمانە سەربە ناوچەی دەشت عەبباسی شارستانی دێهلۆران، نالەبارە و سەرەڕای بەدواداچوونی دانیشتوانی ئەو گوندە بۆ چارەسەریی ئەو کێشانە بەرپرسانی رێژیم هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو گرفتانە هەڵناگرن.
ناوچەی دەشت عەبباس سەربە ناوچەی مووسیانی شارستانی دێهلۆرانی پارێزگای ئیلامە و لەسەر سنووری پارێزگای ئیلام و خووزستان هەڵکەوتووە و زیاتر لە ٣هەزار کەس حەشیمەتی هەیە.