کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێکی دیکە لە لاوانی ڕۆژهەڵات پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون

17:24 - 20 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: پۆلێک لە لاوانی بەهەڵوێستی کوردستانی ڕۆژهەڵات پاش تێپەڕاندنی دەورەی سەرەتایی پیشمەرگە جلی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان لەبەر کرد و پەیوەست بە هیزی پێشمەرگەی کوردستان بوون.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی کۆتایی‌هاتنی سەرکەوتوانەی دەورەی ٢٢٢ی هێزی پێشمەرگە کە بە دەورەی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە ناودێر کرابوو، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە کە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و فەرماندەکانی هێزی تایبەت و بەشێک لە کادر و پیشمەرگەکانی حیزب بەڕێوەچوو، بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر محەممەد ساحێبی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی کردن لە بەشداربوانی دەورە، بەم بۆنەوە چەند وتەیەکی پیشکەش کرد.

ناوبراو لە ئاخاوتنەکەیدا پاش ئاوڕدانەوە لە بارودۆخی گشتیی ئێران و کوردستان باسی لە پێویستیی دەرفەت خوڵقاندن لە ئێرانی ئێستادا کرد و وتی: پێویستە لەسەر ئێمە وەک پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆمان بەتەواوی مانا ئامادە بکەین بۆ ئەوەیکە دەرفەت بخوڵقێنین، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە بتوانین بە مافە زەوتکراوەکانمان بگەین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا محەممەد ساحێبی پڕژایە سەر ئەرکی تاکە دەروەست و بەهەڵوێستەکانی کۆمەڵگا لەبەرانبەر ئەم قۆناغە نوێیە لە خەبات کە بە ڕاسان ناسراوە و وتی: بۆ گەیشتن بە مافە زەوت کراوەکانمان پێویستە تاکە دەروەستەکانی کۆمەڵگا پەیوەست بە خەبات ببن و لە هەر ڕێگایەکەوە بۆیان دەکرێت یارمەتیدەری ئەم خەباتە بن.

پاشان ڕاپۆرتی ئاموزشی دەورە لەلایەن فاروق حەسەن خەیات و پەیامی دەورەی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە لەلایەنزانیار چوپانی بەشداربووی دەورە خوێندرایەوە.

بەپێی نەریتی فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزب، یەکەمەکانی دەورە لەباری نەزم و دیسیپلین و هەروەها تاقیکارییە سیاسی و نیزامییەکان، لەلایەن بەڕێزان خوشکە ڕووناک فەتحی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و ڕەحیم مەنگوڕی فەرماندەی هێزی تایبەتی حیزب، خەڵات کران.

پێویست بە ئاماژەیە کە نێوئاخنی ئەم ڕێورەسمە بە خوێندنی چەند سروود و شێعری شۆڕشگێڕانە لەلایەن بەشداربووانی دەورەی ٢٢٢ ڕازێندرابوویەوە.