کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرانشار/ رێژیم بە پارەی خێرخوازان، بەناوی خۆیەوە پڕوپاگەندە بۆ دروستکردنی قوتابخانە دەکات

19:54 - 6 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پیرانشار، لە رێگەی سواڵکردن و کۆکردنەوەی پارە، هەوڵ دەدات پرۆژەی دروستکردنی قوتابخانەی گوندی شیناوی بەناوی خۆی بکات.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ماوەیەکە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گوندی شیناوێ سەرقاڵی پڕوپاگەندەی دروستکردنی قوتابخانەیەک بۆ قوتابییانی ئەو گوندەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو قوتابخانەیە لەلایەن خەڵکەوە و بە پارەی خێرخوازان دروست دەکرێت.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی شیناوێ بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: پاش رووداوی قوتابخانەی پۆلی چواری سەرەتایی شیناوێ، کە سووتانی ئەو قوتابییانە لێکەوتەوە، رێژیم پڕوپاگەندەی دروستکردنی قوتابخانەیەک بۆ قوتابییان دەکات، کە هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک جگە لە سواڵکردنی پارە بۆ ئەو پڕوپاگەندانە هەڵنەگیراوە.
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: پرۆژەی دروستکردنی قوتابخانە لەلایەن خێرخوازانی ناوچەکەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات بە ناوی خۆیەوە تەواوی بکات.
بڵاوکردنەوەی ریکلام و هەژماری بانکی لەمەڕ کۆکردنەوەی پارە لە رێگای جۆراوجۆرەوە لەم یەک ساڵ‌ دا بەردەوام لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە و هەوڵی ئەوەی داوە ک ەنیشان بدات کە قوتابخانە بۆ قوتابییانی شیناوێ دروست دەکات.