کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی حەسەن رۆحانی بۆ بە تایبەتی‌کردنی قوتابخانەکان

22:01 - 15 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: حەسەن روحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران لە حاڵێکدا پێداگریی لەسەر بە تایبەتی کردنی قوتابخانەکان لە ئێراندا دەکات کە زۆربەی پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران لە سەرەتایی‌ترین خزمەتگوزاریی خوێندن بێبەرین و بەو هۆیەوە ساڵانە کۆمەڵێکی زۆر قوتابیی کورد لە خوێندن بەجێ دەمێنن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، حەسەن رۆحانی پێداگریی لەسەر تایبەتی کردنەوەی قوتابخانەکان دەکات و ئەوەش لە کاتێک دایە کە بە هۆی نەبوونی فەزای ئامووزشی لە ئێراندا، قوتابییان لە خوێندن دوور دەکەونەوە و لەلایەکی دیکەشەوە بنەماڵەی قوتابییان بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە، ناتوانن منداڵەکانیان بۆ قوتابخانەکان بنێرن.

حەسەن رۆحانی لە رێوڕەسمی رۆژی مامۆستایاندا، پشتیوانی خۆی لە قوتابخانە تایبەتییەکان دەربڕیوە و سەبارەت بە ئەم پرسە رایگەیاندووە، هەنووکە ئاماری قوتابخانە تایبەتییەکان لە ئێراندا لەسەدا ١٠ راگەیاندراوە، کە دەبێ رێژەی ئەو ئامارە بەرزتر ببێتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، وتەبێژی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە: مەبەست لە به تایبەتی کردنی قوتابخانەکان، پشتیوانی لە قوتابخانەکان و دەستەبەرکردنی نیزامی ئیسلامییە.
بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی جاڕنامە جیهانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرامبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ بەرامبەر بۆ هەموو هاووڵاتییان دابین بکات.

لە بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرامبەر کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی، ناوەرۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.

هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن، دابین بکات و هەروەها ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە، دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرامبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیویی وڵات بە شێوی بێ بەرامبەر لە ئەستۆ بگرێت\'\'.

وەرگرتنی پارەی زۆەرەملی لە قوتابیانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بۆتە هۆی ئەوە کە قوتابییان دەست لە خوێندن هەڵبگرن و ئەوەش بۆ سیاسەتی سیستماتیکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەگەڕیتەوە کە هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد کەڵکی لێ وەرگرتووە و بە دابین نەکردنی ئیمکاناتی ئامووزشی و بەرتەسک بوونی فەزای ئامووزشی لەو ناوچانە لە هەوڵی نەخوێدوارکردنی خەڵک دایە.