کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنوێژی مەهاباد ناڕازییانی بە \"تاقمێکی ئاژاوەگێڕ\" لە قەڵەم دا

18:42 - 21 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: مەلا قادر سوهرابی، پێشنوێژی هەینیی شاری مەهاباد و دادوەر لە دادگا رایگەیاندووە، خۆپیشاندەرانی ئەم دوایی‌یانەی شاری مەهاباد کە سەبارەت بە مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی رژانە سەر شەقامەکان، بە ئاژاوە گێڕ وەسف کردووە.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، قادر سوهرابی باسی لەوە کردووە، رێژەی خۆپیشاندەرانی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی شاری مەهاباد کەمتر لە ١٠٠ کەس بوونە و ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو کەسانەشی کە ناڕەزایەتییان دربڕیوە تاقمێکی هەلپەرەست و داردەستی بێگانە بوون.

ئەو کەسە ئایینییە وتوویەتی: ئەو خەڵکەی کەلە بەردەم هوتێل تارا کۆبوونەتەوە، بەشێکی هەرە بەرچاوییان وەکوو تەماشاگەر حوزووریان هەبووە و بوونی ئەو خەڵکەشی بە شتێکی ئاسایی زانیوە.

10790.jpgقادر سوهرابی


سوهرابی هۆکاری کۆبوونەوەی ئەو خەڵکەی لە بەردەم هوتێل تارا دەگەڕێنێتەوە بۆ قەرەباڵغیی شوێنی رووداوەکە و باوەڕیشی وایە کە هوتێلەکە لە نزیک سێ تێرمیناڵی گشتی شار هەڵکەوتووە.

ئەو دادوەرە کەلە دادگای شاری مەهاباد بەرپرسیاریەتیی لقی کێشە بنەماڵەیی‌یەکانی لە ئەستۆیە لەو باوەڕەدا بووە کە رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەی مەهاباد کارتێکەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی شاری مەهاباد دادەنێ و دووکەڵی ئەو رووداوە دەچێتە چاوی خەڵکەوە.

مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی لە هوتێل تارای مەهاباد لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکاندا دەنگدانەوەی بەربڵاوی لێکەوتەوە و پاشان خەڵکی شاری مەهاباد و چەندین شاری دیکەی کوردستان سەبارەت بەو رووداوە و کەمتەرخەمییەکانی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی.

چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی کورد لەو باوەڕەدا بوون کە دەسەڵاتداران بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو رووداوە و شاردەنەوەی راستییەکان، بێدەنگیان شکاند و چەندین لێداوانی دژ بەیەکیان دا.

غوڵام حوسێن موحسێنی ئێژەیی وتەبێژی دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی رایگەیاندبوو کردەوەکانی خودی فەریناز خولقێنەری ئەو رووداوە بووە و هیچ پێویستیی نەدەکرد ئەو پرسە بەو شێوەیە پەرەی پێبدرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئیبراهیم رەئیسی دادستانی گشتیی رێژیمی ئێران، رایگەیاندووە کە رووداوی لەو شێوەیە زۆر شتێکی ئاسایی‌یە و ئەویش هاوچەشنی مەلا سوهرابی خۆپیشاندەرانی بە گرووپێکی سەر بە دژە شۆڕەش لە قەلەم دابوو.

لەلایەکی دیکەوە و هەر لە درێژەی لێداونەکانی بەرپرسانی ئەمنیەتی ـ قەزایی رێژێمی ئێراندا، بەرپرسی گشتیی دادگای پارێزگای ئورمیە رایگەیاندووە، تاوانباری رووداوەکەی هوتێل تارا کەسێکی سەربە ناوەندە ئەمنیەتییەکان نەبووە و هیچ پێشینەی کاری لەگەڵ هیچ ئۆرگانێکی دەوڵەتی نەبووە.

جەعفەر کەتانی، فەرمانداری شاری مەهابادیش لەو پێوەندییەدا بێدەنگ نەبووە و وێڕای تەییدکردنی قسەکانی دادستانی ئورمیە وتوویەتی: تاوانباری سەرەکی کە ئەرکی پێڕاگەیشتن بە سەر هوتێلەکانی لە ئەستۆ بووە بە هێچ شێوەیەک کەسێکی ئەمنییەتی ــ ئینتزامی نەبووە.

ئەو لێداوان و قسانە لە حاڵێکدان کە هاووڵاتیانی شاری مەهاباد، لێداونی کەسانی نزیکی ئەو بنەماڵەیە و چالاکانی مەدەنی فەریناز خوسرەوانی رایەکی جیاوازییان هەیە و کۆکن لەسەر ئەوەی کە فەریناز خوسرەوانی بۆ پاراستنی کەرامەت و نامووسی خۆی، هەروەها بۆ پێشگیری لە دەستدرێژیی کەسێکی ئەمنیەتی سەربە رێژیم، لە نهۆمی چوارەمی هوتێڵ تاراوە خۆی فڕێ داوەتە خوار.