کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە کۆنفڕانسێکدا لە ژنێڤ هەڵسەنگێندرا

17:39 - 3 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: کونفڕانسێکی تایبەت بە دۆخی پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بە تایبەتی و ئێران بەگشتی بە بەشداریی ئەحمەد شەهید بەێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، هاوکات لەگەڵ ٢٥ەمین خولی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، کونفڕانسێکی بە بەشداریی چەندین کەسایەتیی نێونەتەوەیی بواری مافی مرۆڤ لەوانە دوکتور ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە بنکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێڤ رێکخست.
کونفڕانسەکە بە وتارێکی \'\'تەیموور ئەلیاسی\'\' نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت لە دوای هاتنە سەرکاری رۆحانی دەستی پێکرد.
نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ باسی لە زیادبوونی رێژەی لە سێدارەدان، کوشتنی سەرەڕۆیانەی کۆڵبەرانی کورد، پرسی مینی ژێرزەمینی لە کوردستان و سیاسەتی هەڵاواردن و ستەم دژی گەلانی  ئێران و جێ‌بەجی نەکردنی بەڵێنەکانی ئاغای رۆحانی کرد.
پاشان ئەحمەد شەهید نوێنەری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئێران باسی قەیرانی قووڵی مافی مرۆڤی لە ئێران کرد. ناوبراو نیگەرانیی خۆی لە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران راگەیاند و وتی بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی سەرکۆمار رێژەی لە سێدارەدان، گرتنی تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنووسان و ئەندامانی نەتەوە و کەمینە ئایینییەکان لە ١٢ ساڵی رابردوو زیاتر بووه ‌و کۆماری ئیسلامی هیچ هاوکارییەکی پسپۆرانی نەتەوەیەکگرتووەکان ناکات.
رافایل شنۆی ــ هەزان، سەرۆکی رێکخراوی پێکەوە خەبات بۆ لابردنی سزای لە سێدارەدان کە گەورەترین رێکخراوی دژی سزای لە سێدارەدانە، نیگەرانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ سزای لە سێدارەدان بە تایبەتی دژی ئیعدامی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ و عەرەب لە ئێران دەربڕی و بێدەنگی وڵاتانی رۆژئاوایی مەحکووم کرد.

جیافرانکۆ فاتۆرینی،  نوێنەری رێکخراوی دژی راسیزم و بۆ ئاشتیی نێوان گەلان وتارێکی لەسەر سیاسەتی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامی دژی گەلانی کورد، بەلووچ، عەرەب و ئازەری و هەروها باسی بەڵێنەکانی رۆحانی لە پێوەندی لەگەڵ دانانی پارێزگاری بوومی بۆ خوێندن بە زمانی زکماگی کرد کە هیچیان جێ‌بەجێ نەکراون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، جیافرانکۆ ئیعدامی تێکۆشەرانی کورد و عەرەب و بەلووچ  و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و هەروەها ئەو تاوانانەی کە رێژێم بە ناڕەوا دەیداتە پاڵ تێکۆشەرانی کورد و وتی مامۆستایانی کورد کتێبیان پێ بوو نە چەک، کەچی بە تۆمەتی چەکداری ئێعدام کران.
دیان عەلایی، نوێنەری رێکخراوی نێونەتەیی بەهایی‌یەکان، باسی بە رەسمییەت نەناسینی ئایینی بەهایی لە ئێران و بێ بەش کردنی خوێندکاران و منداڵانی کورد لە خوێندنی باڵا و گرتن و بەندکردنیان بە بیانووی  بەهایی بوون و هەروەها بەستنی دووکان و بازار بە بیانووی بەهایی بوونەوە کرد.
ناوبراو لە پەراوێزی قسەکانی ئاماژەی بە کەمایەتی ئایینی زەردەشتی و کەمایەتییەکانی دیکە کرد کە تێکۆشەرانیان بە هۆی بیروباوەڕی ئایینییەوە بەند دەکرێن.
مەحموود ئەمیری موقەدەم نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە ئامار و ژمارە باسێکی لەسەر پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ کرد و ئاماژەی بە رادەی ئێعدامەکانی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی کرد کە بە بەراورد لەگەڵ ١٠ هەتا ١٢ ساڵی رابردووە زیادی کردووە.
دوکتور کارن پارکر، دامەزرێنەری رێکخراوی نێونەتەوەیی پارێزەرانی مافی مرۆڤ کە بەڕێوەبەری کونفرانسەکە بوو، هێندێک ئاماژەی بە پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، رۆڵی بەرچاوی تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ لە دەرەوە و ناوخۆی ئێران کرد و وتی: کە دەبێ هەوڵەکانمان لەو بوارەدا چڕتر بکەینەوە.
لە بەشی کۆتایی کۆنفرانسەکە کە بۆ پرسیار و وەڵام تەرخان کرابوو، دوکتور ئەحمەد شەهید و باقیی کۆڕگێڕان وەڵامی پرسیاری بەشدارانیان دایەوە.
بەشدارانی کونفرانسەکە بە تێکڕای دەنگ داوایان لە وڵاتانی ئەنجمەنی مافی مرۆڤ کرد کە پشتگیری نوێکردنەوەی پۆستی رێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئێران بکەن.