کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلاماردانی نێو باندەکانی دەسەڵات بەردەوامن

14:50 - 11 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: لە درێژەی شەڕە زيڕنگەرییەکانی نێو باندەکانی حکوومەت، ئەمجارەیان پاسدار نەقدی هێرشی کردە سەر لایەنی بە ناو ڕێفۆرمخواز و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی.

پاسدار محەممەدڕەزانەقدی سەرۆکی دەزگای بەسیج، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی لێکۆڵینەوەی داهاتوو بۆ شەڕی نەرم، وێڕای هۆشداریی دان لەمەڕ بە قەولی ناوبراو، مەترسیی دزە، ڕایگەیاند؛ دوژمن لە ڕێگەی دەزگا سیخوڕییەکان، دامەزراوە خەڵکییەکان، نیهادە داکۆکیکارەکانی ژینگە و ژنان، لە هەوڵی چەسپاندنی بیرۆکەکانی خۆیاندان.

نەقدی لە بەشێک لە پەلاماردانەکانی‏دا، وێڕای ئاماژەکردن بە قسەکانی عەلی خامنەیی لە پێوەندی لەگەڵ زانستە مرۆییەکان ڕایگەیاند؛ پەروەردە کردنی خوێندکاران بە زانستی مرۆیی ڕۆژئاوایی، بووەتە هۆی ئەوەیکە کۆمەڵگای ئێمە لە باری دزەکردنەوە خەسارهەڵگر بێت. لەم ڕاستایەشدا وەزیری دەرەوەی ئێمە زانستی ڕۆژئاوایی وەرگرتووە، بۆیە وەک ڕۆژئاواییەکان بیر دەکاتەوە. هەر بۆیە دیاردەی دزە، وەها بە ئاسانی هاتۆتە نێو وڵاتەکەمانەوە.

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە سەفەری ئەم دواییانەی ڕووحانی بۆ فەڕانسە و ئیتالیا گوتی؛ وڵاتانی ئورووپایی لە بەزمی فتنە و گەمارۆکان‏دا، ڕۆڵێکی کارایان هەبووە، بەڵام ئێستا دەبێ پارەی نەوت بەوان بدەین و ئێران بکەینە بازاڕێک بۆ ئەو وڵاتانە کە ئەمەش چەشنێک لە دزەی دوژمنانە.

لە بەرامبەردا موحەممەد جەواد زەریف، ئەگەرچی ناوی لە هیچ کەسێک نەهێنا بەڵام گوتی: من بە ڕەخنەگرانی سەفەری ئورووپای هەیئەتی دەوڵەت دەڵێم؛ من لە جیاتی ئێوە شەرمەزارم.

کارناسانی کاروباری ئێران، پێیان وایە، شەڕە زێڕینگەرانەکان لە ئێران، تەنیا هەوڵێکە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و سەرقاڵ کردنیان بە پرسگەلی لاوەکی، بە تایبەت لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کە گرینگییەکی تایبەتی بۆ ڕێژیم هەیە.