کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات به‌بۆنەی ٨ی مارس

10:27 - 17 رەشەمه 2721

ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی بەڕێز !

ژنانی ئازاد و مافخوازی کوردستان!

چەوساندنەوە و سەرکوتی ژنان لە مێژوودا و لە پانتایی جیهاندا شتێکی حاشاهەڵنەگرە و هاوکات لە قۆناغێکی مێژووییدا، ژنان بە هاتنە مەیدان، ڕێگای خەبات بەرامبەر به ستەم‌ و چەوساندنەوەیان گرتەبەر و تاکوو ئێستاش ڕێبوارانی ئەم ڕێگایە لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکانیان ڕێگە دەبڕن و بەردەوامن لە وەدیهێنانی دنیایەک کە تێیدا بەرابەریی ڕەگەزی جێگیر بێت و بنەماکانی مرۆڤایەتی لە لووتکەدا بن.

بە سەرنج خستنە سەر ئەم بابەتە، تێدەگەین بنەڕەتی پێکهاتنی خەباتی جەماوەریی ژنانی مافخواز و چالاکانی پرسی ژن، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی زایینی لەسەر دۆخی خراپی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنینی شاری نیۆیۆرک کە ئەو ژنانە مانگرتنیان ڕێک خست و بوون به پێشەنگ و سیمبول بۆ خەباتی مافخوازانەی ژنان.

 لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، له ساڵی ۱۹۰٨ی زایینی، ژنانی‌ کارگەی ڕستن و چنین‌ بۆ جارێکی تر بەرامبەر بە هەڵاواردن، نایەکسانیی حەقدەست و پێشێلبوونی مافەکانیان مانیان گرت و درگای کارگەیان لەسەر داخرا و کارگەکە سووتێندرا و لە ئاکامدا ۱۲۹ کرێکاری ژن لەو ئاگرەدا سووتان. دواتر بەم هۆکارە ڕۆژی ٨ی مارس بە ڕۆژی ژن ناوزەد کرا کە دەکرێت بە ڕۆژی بێدەنگ‌نەبوون بەرامبەر زوڵم و ستەم و هاوکات بەرەنگاربوونەوە پێناسە بکرێت.

 لە ساڵانی دواییدا لە وڵاتانی جیهان ئەم ڕۆژە بوو بە هێما و بە شێوازی جۆراوجۆر بەرز ڕادەگیرێت و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانیی ژن بە ڕەسمی ناسی.

چەوسانەوەی ژنان تاکوو ئێستاش لە سەرجەم وڵاتانی جیهان بەردەوامە، بەڵام لە هەر وڵاتێک بە جۆرێک و بە ڕادەیەک تێکەڵ بە توندوتیژییە.

 لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و پێشکەوتوو لە بواری یاسایی و دێموکراتیزەبوون و زانستەوە بەشێک لە مافەکانی ژنان جێگیر کراوە، بەڵام هێشتا ژنان به هەموو مافەکانیان نەگەیشتوون و بەگشتی سەرجەم مافەکانیان پارێزراو نییە و لەژێر هەڕەشە و توندوتیژی و دەستدرێژیدایە، هەر بۆیە خەباتیان بەردەوامە.

هەروەها ژنان لە وڵاتانی ڕۆژاواییدا لە بواری یاساییەوە ڕێگەپێدراون بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، وشیارکردنەوە و ڕێکخستنی کۆڕ و کۆمەڵ لەسەر پرسی ژن و ئازادن لە بەرزڕاگرتنی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە ژنان؛ بەڵام لە وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ژنان تەنانەت لەو مافە و لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و لەلایەن حاکمییەت و کۆمەڵگە، تووشی توندوتیژی، دەستدرێژی و پێشێلبوونی مافەکانیان دەبنەوە.

 بەگشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە وشیاربوونەوەی ژنان و هەوڵەكانیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان دەدات و لە ئەگەری دەنگ هەڵبڕین، ژنان لەلایەن دەسەڵاتەوە سەرکوت دەکرێن و تەنانەت یاسا پاڵپشتی چەوساندنەوەی ژنان و پێشێلکەری مافەکانیانە و ڕێگە خۆشکەری پیاوسالاری و سەرکوتی سیستماتیکی ژنانە.

بەڵام ژنان تەنانەت لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە سەرکوتکار و دژە ژنەشدا، لە ڕەوتی گەیشتن به مافەکانیان نەوەستاون و بەتایبەتیش لە کوردستان خەباتی ژنان و چالاکانی پرسی ژن له ڕەهەندە جیاوازەکانەوە لە چاو بەشەکانی دیكەی ئێران ڕێکخراوتر و جیاوازتر لەژێر گوشاری ئەمنی بۆ گەیشتن بە سەرجەم مافەکانیان لە هەوڵدان بەردەوامە، بەتایبەت لەو سۆنگەوە کە ڕووبەڕووی ستەمی چەندقات دەبنەوە.

هەربۆیە ستەمی چەندقات بەرامبەر ژنی کورد و خەباتی فرەڕەهەندی بۆ مافە هەمەلایەنەکانی وای کردووە ژنانی کورد لە چوارچێوەی دیکتاتۆرییەتی ئێراندا تەنانەت لە خەباتیان بۆ پرسی ژن لە پێناو چالاکییەکانیان تێچووی زۆرتر بدەن و بکەونە بەر پەلامار و هێرشی حکوومەتی ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر خواستەکانی خۆیان بەردەوامن و لە ناوخۆی کوردستانی ئێران و دەرەوەی وڵات ژنان چالاکانە و بوێرانە بۆ گەیشتن بە ماف‌ و ئامانجەکانیان تێدەکۆشن.

لە قۆناغی ئێستاشدا کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دوای هەموو ناڕەزایەتییە بەرینەکانی خەڵک و نەمانی ڕەوایی، ئەمنییەتیتر لە هەمیشە هەڵسوکەوت ‌و سەرکوتی کردووە بە پیشە، بەو پێیەش کە هەمیشە ڕوانگەی وابووە کە بە کۆنترۆڵ و چەسانەوەی ژن تەواوی کۆمەڵگە دەخاتە ژێر سێتەرەی خۆیەوە، بارودۆخی ژنانی لە ئێران زۆر نالەبارتر کردووە؛ هەر لە بڵاوکردنەوە و ڕەواییدان بە دەیان خەسار و قەیرانی وەک، بە یاساییکردنی توندوتیژی و کوشتنی ژنان کە بەرز بوونەوەی پەت پساوانەی ڕێژەی توندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژنان و بەداخەوە قوربانیبوونی سەدان ژنی بێ دەرەتانی ئەو کۆمەڵگەیە نیشاندەری ئاکامی توندوتیژییەکی سیستماتیکە کە کۆماری ئیسلامی ڕوو بە ژنان دەینوێنێت، پێداگری لەسەر منداڵ- هاوسەری، هەژاری‌ و بێکاریی لەڕادەبەدەر و...

بە مەبەستی کۆتوبەندکردنی ژنان و ڕێگربوون لە ڕەوتی پێشکەوتن‌ و سەرهەڵێنانیان تا هەڵاواردن‌ و بێبەشکردنیان لە سەرجەم جەمسەر و بوارەکانی کۆمەڵگە و بەگشتی خەڵساندنی ژنان‌ و کۆمەڵگە لە هەر جۆرە بەرخۆدان و خەباتێک و تواندنەوەیان لەناو خەسار و کێشەکاندا؛ لەلایەکی‌ تریشەوە سەرکوتی چالاکانی ژن و مەدەنی لە هەموو بوارەکان بە مەبەستی لەدەست دەرنەچوونی ڕەوتی سەرکوت‌ و کۆنترۆڵی کۆمەڵگە بە سیستماتیکتر کردووە. هەر بۆیە پێویستە ئەو بەشەی کۆمەڵگە کە مەجالی هاتنە مەیدانی زیاتری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەمانە هەیە، زیاتر لە پێشوو، بەرپرسایەتییەکی گەورەتر بخاتە سەرشانی و تۆی خەبات و بەرخۆدان لە ناخی هەموو تاکەکانی کۆمەگە پەرە پێ بدات و ڕاگری سیمای بەهاکانی وەستانەوە دژی ستەمکاری بێت.

لێرەدا پێویستە بە ئاوڕدانەوە لە بەستێنی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات باسی ئەوە بکەین کە پێویستە پرسی ژن و کارکردن بۆ ئەو پرسە وەکوو هەموو بوارەکانی دیکە، ببێتە پرسێکی گشتی و گرنگی کۆمەڵگەی مەدەنی، تاکوو وێڕای پێداگری لەسەر بەرپرسایەتیی گشتی، پێچەوانەی دەسەڵاتی حاکم تاکەکانی کۆمەڵگە ڕەوتی بەرابەریی ڕەگەزی بەرەوپێش بەرن و بنیادنەری کۆمەڵگەیەکی پێشکەتوو لەسەر بنەمای بەرابەریی ڕەگەزی بن.

ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش، وەک ناوەندێکی تایبەت بە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەپێی زەروورەتی کاری هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و زیاتر یەکخستنی دەنگی ژنی کورد و خواست و مافەکانی، وێڕای ئەوەی خۆی بەرامبەر پرسی ژن لە ڕۆژهەڵات بە ئەرکدار دەزانێت، لەم ڕۆژەدا پێداگری دەکاتەوە لەسەر خەبات بۆ خواست و مافەکانی ژنان لەسەر بنەمای ئەوەی ڕووبەڕووی ستەمی چەندقات و لەپێناو گەیشتن به یەکسانیی مرۆڤەکان و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەک کە خاڵی بێت له پێشێلکاری مافی مرۆڤ و توندوتیژی و ڕزگاریی ژنان لەژێر چەپۆک و چەوساندنەوە.

بەرز بێت ڕۆژی جیهانیی ژن و بزووتنەوەی حەقخوازانەی ژنان لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەت کوردستان.

پیرۆز بێت ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن

ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات