کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو فەرمانی چڕترکردنی هێرشەکان بۆ سەر لوبنانی دەرکرد

11:50 - 5 جۆزەردان 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە بەمەبەستی تێکشکاندنی حیزبوڵلا، فەرمانی بە هێزەکانی ئەرتەشی وڵاتەکەی کردووە هێرشەکانیان لە لوبنان توندتر بکەن.

نێتانیاهوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە کەناڵی فەرمیی خۆی لە تێلیگرام بڵاوی کردەوە، حیزبوڵڵای بەوە تۆمەتبار کرد کە هێزەکانی ئیسرائیلی بە دڕۆن کردووەتە ئامانج و وتی: "من فەرمانی خێراکردنی هەرچی زیاتری ئۆپەراسیۆنەکانم دەرکردووە؛ ئەوە ڕاستە کە ئەوان بە دڕۆن، لەوانە درۆنەکانی فایبێر ئۆپتیک هێرش دەکەنە سەرمان، بەڵام تیمەکانمان کار لەسەر ڕێکاری بەرپەرچدانەوە دەکەن و ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەین. ئێمە گورزەکانمان توندتر دەکەین، هێزی ئاگرینمان زیاد دەکەین و دەیانهاڕین."

ئەم لێدوانە توندانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدان کە بەپێی ڕاپۆرتە دیپلۆماتیکەکان، ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان، وەک یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئەمریکا دەستنیشان کراوە.